ئاماری نوێی گازگرتن بڵاوکرایەوە
لە شێلتەرەکەی هەولێر خەساندنی سەگەکان دەستیپێکردووە
+964
شیرازعەبدوڵا
بە پێی ئاماری نەخۆشخانەی فریاکەوتنی رۆژئاوا لە هەولێر، پەلاماری سەگ لە مانگی تشرینی یەکەم بەراورد بە مانگەکانی ئاب و ئەیلول لە هەولێر زیادی کردووە.
مانگی رابردوو 68 حاڵەتی پەلاماری سەگ تۆمارکراون، بەڵام لە مانگەکانی پێشوودا حاڵەتەکان کەمتر بوون، مانگی ئاب 50 حاڵەت و ئەیلول 36 حاڵەت بووە.
بۆ کەمکردنەوەی سەگە بێلانەکان لە هەولێر، لە مانگی تەمموزی ئەمساڵەوە هەڵمەتی کۆکردنەوەی سەگە بێلانەکان دەستیپێکردووە .
د. ئازاد عەزیز، بەڕێوەبەری شێلتەری سەگە بێلانەکانی هەولێر بە 964ـی وت، “هەڵمەتەکە درێژەی هەیە و رۆژانە لە رێگەی سێ تیمەوە نزیکەی 40 سەگ بۆ شێلتەرەکە دەبردرێت، ئێستا نزیکەی هەزار و 800 سەگ لە شێلتەرەکەدا هەن، رۆژانە 40 نەشتەرگەری بۆ خەساندنی سەگەکان ئەنجام دەدرێت .
وتیشی، بە پێی راپۆرتی بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی گشتیی هەولێر، گازگرتنی سەگە بێلانەکان لە دوای کردنەوەی شێلتەر و کۆکردنەوەی سەگەکان، بە رێژەی 30 % کەمیکردووە .
پێداچوونەوە: ئەرسەلام عەبدوڵا