خانووی مۆدیل نوێ هەڕەشە لە لەناوچوونی مێژووی کفری دەکات
964+
هونەر فارس – کفری
لە کفری، سەدان خانووی کۆن هەن کە بەشێکیان بە فەرمی خراونەتەسەر شوێنەوار، بەلام دانیشتووانەکەی دەیانەوێت بیڕوخێنن و خانوی نوێی لەسەر دروست بکەن.
دیوار و باڵەخانەی شوێنەوارە مێژوویی و دێرینەکانی کفری، خەریکە دەڕوخێن بەسەر خەڵکی شارەکەدا، لە کۆی 300 شوێنەوار تەنیا دانەیەکیان نۆژەندەکرێتەوەو ئەویش ساڵێکە کاری تێدا دەکرێت و هێشتا تەواو نەبووە.
جگە لەو 300 شوێنەوارە مێژووییەی کە لە سنووری قەزای کفری هەیە، لەگەڵ هەر کنەو پشکنینێکدا شوێنەوارێکی دیکەی مێژووی لە ناوچەکە بەدەردەکەوێت، بەڵام بەهۆی فەرامۆشکردنیان، بەشێکی زۆریان وێران بوون و بەشێکیشیان ترسی داڕوخانیان لەسەرە.
عوبێد محەمەد، بەرپرسی شوێنەواری کفری بە 964+ـی راگەیاند، بەشێک لە شوێنەوارە مێژووییەکان دەرخستەیان بۆ کراوە و چاوەڕێن حکومەت پارەی بۆ تەرخان بکات، بۆ بەشێکی دیکەش نوسراوی فەرمی ئاراستەی ئەنجومەنی وەزیران کراوە بۆ ئەوەی لە زەوی هاوڵاتییەوە بخرێنەسەر شوێنەواری کفری تاوەکو بتوانین کاری پاراستن و نۆژەنکردنەوەی بۆ بکەن.
سامان جەلال، دانیشتوویەکی شارەکەیەو 40 ساڵی تەمەنی لە کفری بەسەر بردووە، هەرکات سەردانی شوێنە مێژووییەکانی شارەکەی دەکات خەمێکی قوڵ دایدەگرێت و بە ئەسەفەوە لە دیمەنی داڕووخانیان دەڕوانێت.
“کەس خۆی ناکاتە خاوەنی ئەم شارە، نە پلان هەیە و نە خزمەتگوزاری، ئەوەتا شوێنە دێرینەکانی شارەکە بەشێوەیەک لەناوچوون هەرکەس بیانبینێت هێندە خەمیان لێدەخوات دەڵێت، شەڵا هەر نەمدیتبان،” سامان جەلال بە 964+ـی وت.
تانیا کفری، دانیشتوویەکی دیکەی شارەکەیە دەڵێ؛ لەگەڵ بارینی هەر بارانێکدا بەشێک لە شوێنە دێرینەکان کە ناسنامەی شارەکەن دادەڕوخێن و بەرەو لەناچوون دەچن.
قەزای کفری، کە بەشاری وەزیران ناسراوە یەکێکە لە شارە دێرینەکانی کوردستان و پێگەیەکی بایەخداری لە شوێنەوار و مێژووی گەرمیاندا هەیە.
سەرای کفری، تەنیا شوێنێکی مێژووی قەزاکەیە کە ماوەی ساڵێکە کاری نۆژەنکردنەوی تێدا دەکرێت و بودجەی 284 ملیۆن دیناری بۆ تەرخانکراوە.
رووبەری سەرای کفری، 456 مەتر دووجایە، پێکهاتووە لە دوو نهۆم، دوو دەروازەی سەرەکیی هەیە، یەکێکیان لە باکووری قەزاکەیە و ئەوی دیکەشیان لە باشوورە، باڵەخانەکە لە گەچ و بەرد و خشت دروستکراوە، ئاسنیش لە سەقفەکانیدا بەکارهاتووە.