ئەرکی شارەوانییە

خانووە کەلەپوورییەکانی گەڕەکی شێخان خۆڵ دایپۆشیون

964+
رێژوان مامە قادر – سلێمانی

خۆڵ و خاشاک سیمای جوان و کەلەپووریی خانووەکانی گەڕەکی شێخانی سلێمانی تێکداوە، شارەوانیی سلێمانی دەڵێت وردتر بە دوای ئەو پرسەدا دەچن.

ئەو گەڕەکە کەوتووەته‌ تەنیشت شەقامی پیرەمێرد لە ناو بازاڕی سلێمانی.
زەردەشت رەفیق، وتەبێژی شارەوانیی سلێمانی بە 964ی راگەیاند، لەگەڵ لیژنەکانی پاککردنەوە قسە دەکەن بۆ ئەوەی باشتر پاک بکرێتەوە.

وتیشی، “ئەو گەڕەکە پاکیش دەکرێتەوە، بەڵام بەشێکی بووە بە شوێنی کاری هاوڵاتیان و رەنگە خۆڵ و خاشاکی زۆر فڕێ بدەن”.

هەشت گەڕەکی سلێمانی خانووەکانیان بوون بە کەلەپوور و ئێستا بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەواری سلێمانی سەرپەرشتیان دەکات.

گەڕەکەکان بریتیین لە شێخان، سابوونکەران، مەڵکەندی، کانێسکان، سەرشەقام، جوولەکان، دەرگەزێن و ئابڵاخ.
بە پێی زانیارییەکانی شوێنەواری سلێمانی، نزیکەی 10 هەزار خانووی کەلەپووریی له‌و گه‌ڕه‌كانه‌دا هه‌ن.
حوسێن حەمەغەریب، بەڕێوەبەری شوێنەواری سلێمانی بە 964ی راگەیاند، پاککردنەوەی ئەو شوێنانە لەسەر ئەرکی شارەوانییە.

وتیشی، “پلان هەیە نۆژەن بکرێنەوە و بکرێتە گوزەرێکی کەلەپووری و چاوەڕێین خەڵکانی سەرمایەدار بێنە پێشەوە و لەسەر رێنماییەکانی ئێمە خانووەکانی گەڕەکی شێخان نۆژەن بکه‌نه‌وه‌”.

پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا

خانووەکەی مەلای گەورە دەکرێتە مۆزەخانەی کەلەپووری

خانووەکەی مەلای گەورە دەکرێتە مۆزەخانەی کەلەپووری