لە سنە روویداوە

دوو مامۆستای زمانی کوردی 10 ساڵ زیندانییان بەسەردا سەپێندرا

964+
ئەحمەد مستەفا

دوو مامۆستای زمانی کوردی، کە لە ئەندامانی دەستەی بەڕێوەبەرایەتیی ئەنجومەنی فەرهەنگی کۆمەڵایەتی نۆژینن لە سنە، هەریەکێکیان سزای 10 ساڵ بەندکرانیان بەسەردا سەپا، ئەمە قسەی رێکخراوێکی چاودێری مافەکانی مرۆڤە.

رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو کە چاودێرە لە راپۆرتکردنی مافەکانی مرۆڤ/ کۆماری ئێران، لە پێگەی خۆی بڵاویکردەوە، “لەم دوایییانەدا ئیدریس مینبەری و سروە پور محەمەدی، مامۆستای زمانی کوردی و لە چالاکانی مەدەنی خەڵکی سنە، لەلایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی ئەو شارە، هەریەکێکیان سزای 10 ساڵ بەندکرانیان بەسەردا سەپێندراوە”.

بەوتەی پارێزەرەکانیان بێت، ئێوارەی پێنجشەممە 26.10.2023 سزاکەیان بەشێوەی فەرمی راگەیەندراوە، ئیدریس مینبەری لەبارەی هۆکاری ئەو تۆمەتانەی ئاراستەی کرابوو بۆ سزادان ئەوەی وتووە، “بەشداریکردن لە رێوڕەسمی بەخاکسپاردنی ژینا ئەمینی، رەوایەتیدان بە بزوتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی، رێبەریکردنی ئەنجومەنی کولتووری نۆژین بووە، بە مەبەستی دانانی کاریگەی فێرکاری لەبارەی فیدراڵیزم”.

"زمانی کوردی له‌ پله‌ى 59مینى زمانه‌ زیندووه‌كانه‌"

بە وتەی ئەو رێکخراوە بێت، ئیدریس مینبەری، پێشتر لەلایەن لقی 106ی دادگای تاوانەکانی ئەو شارە، بەتۆمەتی “تێکدانی ئاسایشی گشتی” سزای یەک ساڵ بەندکرا، ئەو ئەندامەی دەستەی بەڕێوەبەریی فەرهەنگی کولتووری کۆمەڵایەتی نۆژین لە سنە، رۆژی یەکشەممە رابردوو، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەرکرابوو، بەدانانی بارمتەی یەک ملیار تمەنی و بەشێوەی کاتی هەتا کاتی کۆتایی هاتنی پرۆسەی دادگاییکردنی ئازادکرا.

هەروەک، سروە پوورمحەمەدی، رۆژی یەکشەممە پاش رۆشتن بۆ دادگای ئەو شارە بۆ بەدواداچوونی دۆسیەی ئەندامە دەستبەسەرکراوەکانی نۆژین، لەلایەن هێزە حکومەتییەکانەوە دەستبەسەرکرا و پاشتر بە کەفالەت ئازادکرابوو، بەڵام رۆژی پێنجشەممە بە بەندکردنی 10 ساڵ زیندانی بۆ هەریەکێکیان سزایان بەسەردا سەپێندرا.