ئەمڕۆ کۆتا وادەی پڕکردنەوەی فۆڕم بوو
کەی تیروپشک بۆ ناوی حاجیان ئەنجامدەدرێت؟
964+
فەهمی نەبی
ئەمڕۆ پێنجشەممە دوا رۆژی ئەو وادەیە بوو کە بۆ پڕکردنەوەی فۆرمی حەج دیاریکرابوو، وتەبێژی حەج و عومڕە دەڵێت، پرۆسەی ئەنجامدانی تیروپشک مانگێکی پێدەچیت.
کاروان ستونی وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتی حەج و عومڕەی هەرێم بۆ 964 وتی، “هێشتا نازانین ژمارەی ئەو کەسانەی فۆرمی حەجیان پڕکردووەتەوە چەندە، ئەو پرۆسەیە ئەمڕۆ کۆتایی هاتووە و تا چەند رۆژێکی دیکە سەرجەم فۆڕمەکان دەگەڕێنەوە، ئەو کات پرۆسەی داخڵکردنی داتاکان بۆ سیستمێکی کۆمپیوتەری دەستپێدەکات”.
لەبارەی کاتی ئەنجامدانی تیروپشک، کاروان ستونی دەڵێت، “ئەم پرۆسەیە نزیکەی مانگێکی پێدەچێت، کاتێک ناوەکان بەتەواوی خرانە ناو سیستم بەئامادەبوونی دەزگاکانی راگەیاندن تیروپشکەکە ئەنجامدەدەین”.
پرۆسەی ناو تۆمارکردن و بەشداریکردن لە فەریزەی حەجی ساڵی 2024، رۆژی 15.10.2023 دەستیپێکرد و ئەمڕۆ 26.10.2023 کۆتایی پێهات، پشکی هەرێم چوار هەزار و 685 کەسە.