لە شەڕی ئیسڕائیل و غەزەدا
ژمارەی رۆژنامەنووسە کوژراوەکان بوو بە 24
964+
پێشەوا محەمەد
هەتا 21ـی ئەم مانگە 22 رۆژنامەنووس لە شەڕی نێوان ئیسڕائیل و غەزە کوژرابوون، لە ماوەی ئەو پێنج رۆژەشدا دوو رۆژنامەنووسی دیکە کوژراون.
کۆمیتەی پاراستنی رۆژنامەنووسانی جیهان CPJ ئەمڕۆ پینجشەممە 26.10.2023 لە ماڵپەڕەکەی خۆی بڵاوی کردووەتەوە، کوژرانی ئەو رۆژنامەنووسانە لەناو حەوت هەزار کوژراوی تری جەنگەکەدان.
کۆمیتەکە لە راگەیەندراوێکدا دەڵێت، “روون نییە ئایا هەموو ئەو رۆژنامەنووسانە لە کاتی کوژرانیاندا رووماڵی ململانێیەکانیان دەکرد یان نا، بەڵام کۆمیتەکە بە کوژراوی جەنگ هەژماری کردوون”.
پێشتر CPJ رایگەیاندبوو، “ملیۆنان کەس لە سەرانسەری جیهان و لە ناوچەکە چاوەڕێن بۆ ئەوەی زانیاریی دروست لەسەر ململانێکان بدەن. رۆژنامەنووسان وەک هەموو هاوڵاتیانی مەدەنی دەبێت رێزیان لێ بگیرێت و پارێزگارییان لێبکرێت”.
کۆمیتەی پاراستنی رۆژنامەنووسان CPJ رێکخراوێکی سەربەخۆ و قازانج نەویستە و ئازادیی ڕۆژنامەگەری لە سەرانسەری جیهاندا بەرەوپێش دەبات. بەرگری لە مافی رۆژنامەنووسان دەکەن، کە بە سەلامەتی و بە بێ ترس هەواڵەکان بڵاوبکەنەوە.