تیپی بالەی یانەی هەولێر. فۆتۆ: پەیجی یانەکە
ئەرکی پێشمەرگە و هەولێر ئاسانە
تیروپشکی بالەی عێراق راکێشرا
964+
یادگار محەمەد – سلێمانی
تیروپشکی وەرزی نوێی خولی بالەی یانە پلە نایابەکانی عێراق راکێشرا و ئەرکی پێشمەرگە و هەولێر ئاسانە.
لە شاری بەغدا و بە ئامادەبوونی نوێنەری گشت یانە بەشداربووەکان، تیروپشکی وەرزی 2023-2024ـی خولی یانە پلە نایابەکانی عێراق راکێشرا.
سەڵاح کانەبی راهێنەری پێشمەرگە بە 964ـی وت، شێوازی بەڕێوەچوونی خولی ئەمساڵ زۆر باشە بۆ یانەکان.
وتیشی، ئەگەر بە نموونە قۆناغی کۆمەڵەکان وەربگرین ئەوا هەر یانەیەک کە پێشتر 16 یاری ئەنجام دەدا لەم وەرزەدا تەنیا شەش یاری ئەکات.
لە وەرزی ئەمساڵی خولەکە 15 یانە بەشدارن و دابەشی سەر چوار کۆمەڵە کراون کە یەکێک لەو کۆمەڵانە لە سێ یانە پێک دێت کە شێوازی بەڕێوەچوونی یارییەکان بە دوو قۆناغی کۆبوونەوە ئەنجام دەدرێت، لە هەر کۆمەڵەیەکیش دوو یانە دەگەنە قۆناغی هەشتی خولەکە.
کۆمەڵەی یەکەم پێک دێت لە یانەکانی گازی باشور، سمود، نوعمانیە و ئەبو ریشە.
کۆمەڵەی دووەم یانەکانی مەسافی باکور و بەحری و حەدیسە لە خۆدەگرێت.
کۆمەڵەی سێیەمیش یانەکانی هەولێر و حەبانیە و ئەهوار و دەغارە پێک دەهێنن.
پێشمەرگەی سلێمانی و سەناعە و میقدادیە و موسڵ یانەکانی کۆمەڵەی چوارەمن.
بڕیاریشە یارییەکانی کۆمەڵەی یەکەم و سێیەم لە رۆژانی 9 تا 11ـی مانگی داهاتوو رکابەریەکانی دەستپێبکات و یارییەکانی کۆمەڵەی دووەم و چوارەمیش لە رۆژانی 16 تا 18ـی هەمان مانگ ئەنجام دەدرێت.
پێداچوونەوە: توانا نەقی