له شه‌قڵاوه ماده خۆراكییه‌كان له زبڵ جیاده‌كرێنه‌وه
964+
فه‌رهاد حه‌سه‌ن
شاره‌وانیى شه‌قڵاوه ده‌یه‌وێت ماده‌كانى زبڵ و خاشاك به‌جیا كۆبكاته‌وه و ئێستاش وه‌ك قۆناغى یه‌كه‌م و تاقیكردنه‌وه‌یه‌ك، له ماده خۆراكییه‌كان ده‌ستیان پێكردووه.
حاویه‌ى پلاستیكی كۆكردنه‌وه‌ى ماده خۆراكییه‌كانیان له به‌رده‌مى هه‌ندێك له ماڵ و چێشتخانه‌كان داناوه و له‌سه‌ریان نووسراوه “تایبه‌ته به پاشماوه‌ى خواردن”.
رێكان حوسێن، سه‌رۆكى شاره‌وانیى شه‌قڵاوه به 964ـى وت، وه‌ك تێست قۆناغى یه‌كه‌مى جیاكردنه‌وه‌ى زبڵ و پاشماوه‌كانیان له ناوه‌ندى قه‌زاى شه‌قڵاوه ده‌ستپێكردووه.
وتیشی “چه‌ند گه‌ڕه‌ك و چێشتخانه‌یه‌كمان ده‌ستنیشان كردووه وه‌ك قۆناغى یه‌كه‌م كارى له‌سه‌ر ده‌كه‌ین، له قۆناغه‌كانى دیكه‌شدا ماده‌كانى دیكه‌ش به‌جیا كۆده‌كه‌ینه‌وه”.
باسی له‌وه‌ش كرد، شوێنێكی تایبه‌تیان بۆ كۆكردنه‌وه‌ى پاشماوه خۆراكییه‌كان ده‌ستنیشان كردووه و ئاژه‌ڵه‌كانیش سوودى لێوه‌رده‌گرن.
سه‌رۆكى شاره‌وانیى شه‌قڵاوه، ئاشكراشى كرد، كاریان له‌سه‌ر دامه‌زراندنى كارگه‌یه‌كی ریسایكلین له سنوورى شه‌قڵاوه كردووه بۆ ئه‌وه‌ى له داهاتوو كه ماده‌ى زبڵ وپاشماوه‌كان به‌جیا كۆده‌كرێنه‌وه جارێكی دیكه سوودی لێوه‌ربگیرێت.