سەرچاوەکەی روون نییە

10 رۆژە بەهۆی دەنگی فیشەکەوە خەو و خۆراکیان نەماوە

964+
هیڤی دێوالی-دهۆک

ئەم چەند رۆژە خەڵکی قەدشی سەر بە ئاکرێ خەو و خۆراکیان نەماوە، هەر ئەوەندە دەزانن فیشەکێک خۆی دەکات بە دوکانێکدا یان لەسەر بۆدی ئۆتۆتۆمبێلێک سارد دەبێتەوە، هەمووی بە هۆی ئەو تەق و تۆقەوەیە کە لە چیای مەتینەوە دێت.

زیاد لە کەسێک لە کۆمەڵگەی قەدشی سەر بە ناحیەی سەرسنگی دهۆک بە 964یان وت ئەمشەو دەنگێکی زۆری تەقەیان بیستووە، لەناو بازاڕیش فیشەکێک کەوتووەتە ناو دوکانێک، خۆ ئەمە تازەش نییە، 10 رۆژە ئەم شەڕو هەڵایە لە قەدش بەردەوامە.

ئەو کەسەی ئەمڕۆ فیشەک کەوتووەتە دوکانەکەی رازی بوو باسی رووداوەکە بکات، بەڵام بەو مەرجەی ناوی نەهێنین، ئەو کەسە بە 964ی وت ”دوای دەنگی تەقەکانی ئەمشەو فیشەک بەر جامی دوکانەکەم کەوت و شکا”.

کۆمەڵگای قەدش کە دامێنی چیای مەتینی ئامێدییە، ئەو چیایەش زوو زوو شەڕی پەکەکە و تورکیای تێدا روودەدات، خەڵکەکەش دەڵێن فیشەکەکان لەوێوە دێن، هەندێ جاریش بێ ئەوەی هیچ شەڕێک هەبێت ئەم ”میوانە رەزا گرانە” هەر بەر دوکان و ماڵ و ئۆتۆمبێل دەکەوێت.

964 لە سەرچاوەی فیشەکەکان گەڕا و پرسیاری لە پۆلیس کرد، ئەگەری بەهێز هەر ئەوەیە فیشەک و تەقەکان هی مەتین بن.

عەقید مێهڤان سەرسنگی بەڕێوەبەری پۆلیسی سەرسنگ بە 964ی وت ”شەڕی پەکەکە و تورکیا لە سنورەکانی چیای مەتین بەردەوامە، بەڵام من زانیاریم لەسەر ئەو رووداوەی ئەمڕۆ نییە”.

پۆلیسی سەرسنگ هەندێ دوورترە، بەڵام پۆلیسی قەدیش هەموو رۆژ گوێیان لەو بەزم و تەقەکردنەیە و ئەو گولـلە وێڵانەی دێنە ناو شار، ئەوان چاویان لەسەریەتی.

موقەدەم عەشقی محەمەد بەڕێوەبەری پۆلیسی قەدش بە 964ی وت ”زیاتر لە 10 رۆژە دەنگی تەقە دەبیسترێت، ئەمە چوارەم جارە فیشەک دەکەوێتە ناو دوکان و مارکێت و بەر ئۆتۆمبێلی خەڵکی دەکەوێت”.

بەڕێوەبەرەکەی پۆلیس دەزانێ تەقەکە لە کوێوە دێت، بەڵام هێشتا لای روون نییە تەقەی شەڕە یان هەڕەمەکییە، موقەدەم عەشقی وتی ”نازانین مەسەلەکە شەڕی نێوان پەکەکە و تورکیایە یان بەهۆی ئەو بنکەیەوەیە، کە تازە تورکیا لەم ناوەدا دایناوە و بەشێوەیەکی هەڕەمەکی تەقەی لێدەکات، بۆ ئەوەی بزانێ کەس لەو ناوە نییە”.

پۆلیسی قەدیش لەمە نیگەرانن و بۆ چارەیەک دەگەڕێن، بۆ ئەم کارەش تیمێکی لێکۆڵینەوە پێکهێنراوە.

دوێنێش 964 ڤیدیۆی کەسێکی لە قەدش بڵاوکردبووەوە، کە فیشەکێک لە ئۆتۆمبێلەکەی دابوو کونی تێ کردبوو.

لە کۆمەڵگەی قەدش دەنگی تەقەیەکی زۆر بیسترا

لە کۆمەڵگەی قەدش دەنگی تەقەیەکی زۆر بیسترا