لە کەلار ٥٠٠ ماڵ پێوەری ئاویان دەستنەکەوتووە و داشکاندنیان بۆ دەکرێت

964+

میلاد جەلال -گەرمیان

خەڵکی کەلار پێوەری ئاویان دەستناکەوێت تا بیبەستن و داشکاندنیان لە کرێی ئاو بۆ بکرێت، بەڕێوەبەرایەتی ئاوی قەزاکە ناچار ناوی نزیکەی ٥٠٠ کەسی تۆمار کردووە و دەتوانن دواتر پێوەری ماڵەکانیان ببەستن و داشکاندن دەیانگرێتەوە.

سامان رەحیم، بەڕێوەبەری ئاوی کەلار بە 964+ی راگەیاند، لەو ماوەیەدا کە دیاریکرابوو بۆ داشکاندنی کرێی ئاو، نزیکەی ٥٠٠ ماڵ ناویان تۆمار کردووە بۆئەوەی ھەرکات پێوەر ھاتە بازاڕەوە بیکڕن و بیبەستن.

ئەوەش لەکاتێکدایە، بە پێی بەدواداچوونی +964، نرخی پێوەری ئاو لە بازاڕدا لە ٣٥ هەزار دینارەوە بۆ ٥٠ هەزار دینار بەرز بووەتەوە، هەروەها پێوەری تورکی، ئەڵمانی، ئیتاڵی و پۆڵەندی بوونی هەیە.

لە کۆی ٣٠ ھەزار ھاوبەشی ئاو لە کەلار، ٢٦ هەزار و ٣٠٠ کەس بەهۆی هاندانی حکومەت پێوەریان بەستووە و هەر بڕێک پارە قەرزار بووبێتن، سەدا ١٢ بۆ سەدا ٢٥ـی قەرزەکەیان داوە.

بەپێی بڕیارەكەی حکومەت، هاوڵاتیان ئەگەر پێوەری ئاو دانەنێن، مانگانە ٨٠ هەزار دیناریان لەسەر هەژمار دەكرێت، بەڵام بە دانانی پێوەری ئاو دەتوانن ٢٠ ھەزار دینار بدەن و بۆ قەزا و ناحیەکانیش لە بری ٨٠ هەزاری مانگانە ١٠ هەزار وەردەگیرێت.

رۆژی ٢١ی کانونی یەکەم شەش مانگ مۆڵەتەکەی حکومەت بۆ هاوبەشانی ئاو کۆتایی هات، ژمارەی هاوبەشان نزیک بوونەتەوە لە ١٠٠٪.