دیمەنێک کە دراوی 25 هەزار دیناری عێراقی نیشان دەدات - وێنە: 964
لە 60 بۆ 75 ملیۆن دینار
هەوڵی زیادکردنی پێشینەی خانووبەرە دەدرێت
964+
پێشەوا محەمەد
ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە بەرنامەیدایە یاسای سندوقی نیشتەجێبوون هەموار بکاتەوە و پێشینەی خانووبەرە لە 60 ملیۆنەوە بۆ 75 ملیۆن دینار زیاد بکات.
جگە لە زیادکردنی بڕەکەی، هاوکات پێشکەشکردن و وەرگرتنی پێشینەکەش بە ئەلیکترۆنی دەکرێت.
مەهدییە ئەلامی، ئەندامی لیژنەی خزمەتگوزاری و ئاوەدانکردنەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە رۆژنامەی سەباحی نیمچەفەرمیی عێراقی راگەیاندووە، هەوڵەکە بۆ ئەوەیە هاوڵاتیان زیاتر لەو پێشینەیە سوودمەند بن و خاونووەکانیان پێ تەواو بکەن.
مەرجی وەرگرتنی پێشینەکە ئەوەیە دەبێت ئەو کەسەی داوای دەکات خاوەنی زەوی بێت.
“پێشینەکە بێ خستنەسەری هیچ سوودێکە و زیادکردنەکەشی لە لایەن بەڕێوەبەری گشتی سندوق و بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەکانی بەغدا رەزامەندی لەسەر دراوە”، ئەوەش قسەی مەهدییە ئەلامییە.
جگە لە سندوقی نیشتەجێبوون، لە عێراق بانکەکانی رەشید و رافیدەین قەرزی 150 ملیۆن دیناری دەدەن بە فەرمانبەران بە مەبەستی دروستکردنی خانوو.
وا بڕیاریشە دوای کردنەوەی بانکی نیشتیمان لە هەرێمی کوردستان، کە هاوتای بانکەکانی رەشید و رافیدەینە، ئەو قەرز و پێشینانە هاوڵاتیانی هەرێمیش بگرێتەوە.