ئەرشیفی مامۆستایان کۆدەکاتەوە
مۆزەخانەیەک ئەرشیفی پەروەردەیی سلێمانی دەپارێزێت
964+
رێژوان مامە قادر – سلێمانی
لە شەقامی ئۆرزدی شاری سلێمانی مۆزەخانەی پەروەردەیی هەیە و بەوتەی بەڕێوەبەرەکەی کاری مۆزەخانەکە ئەرشیفکردنی پەروەردەییە لە شاری سلێمانی.
مۆزەخانەکە ئەرشیفێکی گەورەی وێنەیی هەیە، چەند کتێب و تۆمارێکی ساڵانی 1918 تا 1936ـی تێدایە و کۆنترین کەلوپەلی ناو مۆزەخانەکەن، هەروەها بەشی یادەوەریی مامۆستا کۆنەکانی سلێمانی هەیە، کە ژیانیان دەنووسرێتەوە و دواتر لە کتێبێکدا چاپ دەکرێن.
پێشتر ئەو مۆزەخانە هۆبەیەکی ناو پەروەردەی سلێمانی بووە، بەڵام لە ساڵی 2018ـەوە بووە بە بەڕێوەبەرایەتی مۆزەخانەی پەروەردەیی سلێمانی
سەهەند محەمەد، بەڕێوەبەری مۆزەخانەی پەروەردەیی سلێمانی بە 964ی راگەیاند، ئامانجی مۆزەخانەکە پاراستنی ئەرشیفی پەروەردەیی سلێمانییە و نیشاندانیانە وەک پێشانگایەک تا ئەوە بگوازرێتەوە پێشتر خوێندن چۆن بووە.
وتیشی، “جگە لەوەی بەشێک لە مامۆستایان هاوکاریمان دەکەن خۆشمان لیژنەمان هەیە و بەردەوام سەردانی قوتابخانە و مامۆستا کۆنەکان دەکەین و ئەرشیف کۆدەکەینەوە”.
لە مۆزەخانەکەدا 13 ئامێری تاقیگەیی کۆن هەیە کە بەکارهاتوون لەگەڵ 19 ئامێری هۆیەکانی فێرکردن، ئەوە سەرباری سەدان وێنە و کتێب و دەستنووسی مامۆستایان
بەڕێوەبەری مۆزەخانەکە وتیشی، “بەشی دیجیتاڵکردنی تۆماری قوتابخانە کۆنەکانمان هەیە و تا ئێستا 17 هەزار تۆمارمان بە دیجیتاڵی کردووە، دواتر هەموو تۆمارەکانیشی دەزو و بەند دەکەینەوە بۆ ئەوەی لەناونەچن”.
مۆزەخانەکە کتێبخانەیەکی گەورە و هۆڵی سینەمای هەیە
پێداچوونەوە: توانا نەقی