سەرۆکی حکومەت بەڵێنیداوە
ئاسانکاری بۆ وەبەرهێنەران دەکرێت
964+
پێشەوا محەمەد
بە پێی بڕیاری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم، مۆڵەت بە هەموو ئەو پڕۆژانەی وەبەرهێنان دەدرێت کە رێکارە یاساییەکانیان تەواو کردووە.
ئەمڕۆ سێشەممە 17.10.2023 سەرۆکی حکومەتی هەرێم لەگەڵ زیاتر لە 70 وەبەرهێنی هەرێم کۆبووەتەوە.
بەرگەشت ئاکرەیی، وتەبێژی دەستەی وەبەرهێنانی حکومەتی هەرێم بە 964ـی وت، “سەرۆکی حکومەت بەڵێنیدا لەمەودوا هەموو کارئاسانییەک بۆ وەبەرهێنەران بکرێت و رۆتینات کەم بکرێتەوە و مامەڵەکانیان ئاسانتر لە جاران رایی بکرێن”.
باسی لەوەش کرد، سەرۆکی حکومەت لایەنە پەیوەندیدارەکانی راسپارد ئەو پڕۆژانەی رێکارە یاساییەکانیان تەواو کردووە راستەوخۆ مۆڵەتیان پێبدرێت.
ئەمساڵ 56 پڕۆژە بە سەرمایەی نزیکەی یەک ملیار و 500 ملیۆن دۆلار مۆڵەتیان پێدراوە.
“سەرۆکی حکومەت وەبەرهێنەرانی هاندا پڕۆژەکانیان ببەنە دەرەوەی سەنتەری شار و پارێزگاکان و بەتایبەت زۆر گرنگی بە هەڵەبجە دا کە لەوێ وەبەرهێنان بکرێت بەتایبەت لە بوواری کشتوکاڵی و گەشتیاریدا” ئەمەش بەوتەی بەرگەشت ئاکرەیی.