ئەگەرچی وەزارەت 10ی رۆژی دواخستبوو

سەرۆکی زانکۆی سەڵاحەدین: یەکشەممە پرۆسەی خوێندنی باڵا دەستپێدەکەین و دوایناخەین

964+

فەهمی نەبی

ئەگەرچی وەزارەتی خوێندنی باڵا پرۆسەی دەستپێکی خوێندنی باڵای بۆ ماوەی 10 رۆژ دواخستبوو، بەڵام زانکۆی سەڵاحەدین رایگەیاند، ئەوان پابەندی دواخستنەکە نین و خوێندن لەکاتی خوی دەستپێدەکەن.

ئەمڕۆ هەینی زانکۆی سەڵاحەدین رایگەیاند رۆژی یەکشەممە 15.10.2023 خوێندنی باڵا بۆ ئاستەکانی دبلۆمی باڵا، ماستەر و دکتۆرا دەستپێدەکات.

د.کامەران یونس سەرۆکی زانکۆی سەڵاحەدین بۆ 964 وتی، “ئێمە هەموو رێکارەکانمان تەواو کردووە و هیچ پێویست نییە پرۆسەکە دوابخرێت”.

لەبارەی پێچەوانەبوونی ئەو بڕیارە لەگەڵ بڕیارەکەی وەزارەت، سەرۆکی زانکۆی سەڵاحەدین وتی، “ئەم بڕیارە بەهیچ جۆرێک پێچەوانەی بڕیارەکەی وەزارەت نییە، لەبەر ئەوەی ئێمە ئامادەکارییەکانمان تەواوکردووە و خشتەی وانەکانمان داناوە”.

بۆ ئەمساڵ زانکۆی سەڵاحەدین دوو هەزار خوێندکاری بۆ پرۆسەی خوێندنی باڵا بۆ ئاستەکانی دبلۆمی باڵا، ماستەر و دکتۆرا وەرگرتووە.

رۆژی 12.10.2023 وەزارەتی خوێندنی باڵا رایگەیاند، لەپێناو تەواوکردنی رێکارەکانی مامەڵەی خوێندکارانی خوێندنی باڵا بۆ ماوەی 10 پرۆسەکە دوادەخەن.

پرۆسەی دەستپێکردنی خوێندنی باڵا دواخرا

پرۆسەی دەستپێکردنی خوێندنی باڵا دواخرا

بۆ ئەمساڵ لە پرۆسەی خوێندنی باڵا، بۆ هەریەکە لە ئاستەکانی دبلۆمی باڵا، ماستەر و دکتۆرا 15 هەزار و 728 خوازیار داواکاریان پێشکەشکردبوو، ئەو ژمارەیە کێبڕکێیان لەسەر حەوت هەزار و 614 کورسی دەکرد.