بەشی یەكەمی کرایەوە
ئێستا دەتوانیت شوێنەوارە هەزار ساڵییەکانی سەنحاریب ببینیت
964+
هاوبەش ئەبوبەکر
بەشی یەكەمی پاركی شوێنەواری سەنحاریب لە خەنەس، لە قەزای شێخان كرایەوە و لەمەوبەدوا خەڵک دەتوانن بچن ئاسەواری هەزار ساڵە ببینن.
شوێنەواری سەنحاریب پێکدێت لە چەندین گای باڵدار و دیمەنی هەڵکۆڵراوی پاشای ئاشوری و دار و دەستوخەتی مێخی، مێژووی بۆ سەردەمی پاشای ئاشوری سەنحاریب دەگەڕێتەوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 12.10.2023، ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا کردنەوە بەشی یەكەمی پاركی شوێنەواری سەنحاریبی راگەیاند و وتی، لە ساڵانی داهاتووشدا بەشەكانی دیكەی ئەو پاركە شوێنەوارییە كاریان تێدا دەكرێت و تەواو دەكرێن.
سێ وڵاتی ئەوروپی لە شوێنەوارەکانی دهۆک دەکۆڵنەوە
شوێنەواری خەنەس دەکەوێتە ناوچەیەکی گەشتیاری، لەناو شوێنێکی نیمچە دۆڵدا هەڵکەوتووە و ئاوێکی سازگار بە بەردەمیدا دێت، لەدووری 13 کم باکوری رۆژهەڵاتی شارۆچکەی شێخان لە پارێزگای دهۆک کە بە هاوینەهەواری پاشا (سەنحاریب)یش ناسراوە.
لە شوێنەواری مێژوویی خەنەسدا چەندین نوسراوی بزماری و کەلوپەل و پەیکەر و تاقی جیاواز لەسەر بەرد هەڵکوڵدراون و گەشتیار و هاوڵاتیان دەتوانن بۆ شارەزابوون لە مێژووی ناوچەکە و بینینی شوێنەوارەکان سەردانی بکەن.