سلێمانی 150 تۆنی بۆ هاتووە
خەریکە وەرزی چاندن دەستپێدەکات هێشتا گەنمی ئەمساڵ نەگەیشتووەتە جوتیارەکان
964+
دیلان محەمەد جەزا – سلێمانی
کشتوکاڵی قەرەداغ دەڵێت، لەم مانگە بەدواوە کاتی چاندنی گەنمە و هیچ بڕێکیان بۆ نەهاتووە، هاوکات بۆ ئەمساڵ هیچ پێداویستیەکی تایبەت بە جوتیارانیان بۆ دابیننەکراوە.
سەرحەد قەرەداغی بەڕێوەبەری کشتوکاڵی قەرەداغ بە 964ی وت، “ساڵانی رابردوو نزیکەی 250 تۆن گەنممان وەردەگرت بۆ سنووری کشتوکاڵی قەرەداغ، بەڵام ئەمساڵ بەهۆی کەمی ئەو رێژەیەی لەلایەن حکومەتەوە دیاریدەکرێت، بۆ سەرجەم پارێزگای سلێمانی 150 تۆن گەنم دیاریکردووە”.
بەڕێوەبەری کشتوکاڵی قەرەداغ دەڵێت، ماوەی سێ ساڵ دەبێت زۆرێک لە پێداویستیەکانمان بەدەست نەگەیشتووە، بۆ ئەمساڵیش هیچمان بۆ دابیننەکراوە.
بەپێی خشتەی ساڵانەی کشتوکاڵ، پێویست بوو لەم مانگەدا گەنم و سەماد و دەرمانی کوێرو دابەش بکرێت، بۆ ئەوەی گران لەسەر جوتیار نەکەوێت.
کاکۆ کاروان خاوەن کۆمپانیای تایبەت بە بەرهەمی کشتوکاڵی بە 964ی وت، گەنم جۆری زۆرە، ئەوەی زۆر خواستی لەسەرە لەلایەن جوتیارانەوە گەنمی سلێمانی یەک و دووە، بۆ هەر تۆنێکی 700 هەزار دینار بۆ سەرەوە دەکەوێت.
دابەشکردنی گەنم لەلایەن حکومەتەوە کاریگەریەکی ئەوتۆی لەسەر بازاڕ نابێت، بەشێوەیەکی کەم نرخی دادەبەزێنێت، لەبەرئەوەی لە باشوری عێراقەوە خواستی لەسەرە، کاکۆ کاروان ئەمەی وت.
لە سنوری قەزای قەرەداغ، نزیکەی دوو هەزار و 500 جوتیار هەیە، ساڵانە چەندین جۆری جیاواز بەرهەمی کشتوکاڵیان هەیە.
پێداچوونەوە: فەهمی نەبی