"یەکەمجارە و کۆتا جارە"
پرۆسەی دەستپێکردنی خوێندنی باڵا دواخرا
964+
فەهمی نەبی
بڕیار بوو پرۆسەی خوێندنی باڵا بۆ ئاستەکانی دبلۆمی باڵا، ماستەر و دکتۆرا لەسەرەتای هەفتەی داهاتوو دەستپێبکات، بەڵام 10 رۆژ دواخراوە
ئەمڕۆ وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوە زانستی ئەمڕۆ پێنجشەممە رایگەیاند، هۆکاری دواخستنی پرۆسەکە پەیوەندی هەیە بە دەرچوونی رێنمایی ژمارە 11ی تایبەت بە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم و تەواوکردنی رێکارەکانی خۆ تۆمارکردن و وەرگرتنی مۆڵەتی خوێندن.
عەباس ئەکرەم وتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا بۆ 964 وتی، هۆکاری دواخستنەکە پەیوەندی هەیە بە درەنگ دەرچوونی وەجبەی دووەمی خوازیارانی دبلۆمی باڵا، ماستەر و دکتۆرا.
لەبارەی ئەگەری دواخستنی پرۆسەی خوێندنی باڵا بۆ جارێکی دیکە، عەباس ئەکرەم دەڵێت، “ئەمە یەکەمجار و کۆتا جارە و لە رۆژی چوارشەممە 25.10.2023 خوێندن دەستپێدەکات”.
بەپێی رێنماییەکانی وەزارەتی خوێندنی باڵا وا بڕیار بوو رۆژی 15ی ئەم مانگە پرۆسەی خوێندن دەستپێبکات، بەڵام پرۆسەکە 10 رۆژ دواخرا.
بۆ ئەمساڵ لە پرۆسەی خوێندنی باڵا، بۆ هەریەکە لە ئاستەکانی دبلۆمی باڵا، ماستەر و دکتۆرا 15 هەزار و 728 خوازیار داواکاریان پێشکەشکردبوو، ئەو ژمارەیە کێبڕکێیان لەسەر حەوت هەزار و 614 کورسی دەکرد.