بەهای 100 دۆلار گەیشتە سەرو 153 هەزار دینار

964+

ئاودێر عومەر – سلێمانی

ئەگەرچی بانکی ناوەندیی عێراق لە هەوڵدایە نرخی دۆلار بەرانبەر دینار داببەزێنێت، بەڵام تا دێت نرخی ئەو دراوە دەچێتە سەرەوە، ئەم ئێوارەیە لە کاتی داخستنی بازاڕەکان، نرخی 100 دۆلار 153 هەزار و 250 دینار بوو.

بە مەبەستی دابەزاندنی نرخی دۆلار، بانکی رافیدەینی عێراق رایگەیاندووە، لە ئەمڕۆوە دەست بە فرۆشتنی دراوی بیانی و بەتایبەت دۆلار دەكات بە نرخی 146 هەزار و 500 دینار.

راشیگەیاندووە، کە دراو دەفرۆشرێتە ئەو كەسانەی بەنیازی گەشتكردنن بۆ دەرەوەی وڵات، هەر هاوڵاتیەك دەتوانێت بڕی 10 هەزار دۆلار بكڕێت، بە مەرجێك كڕیار دەبێت ماستەركارتی بانكی رافدەینی هەبێت.

جەبار گۆران، وتەبێژی بازاڕی دۆلارەکەی سلێمانی بە 964+ی راگەیاند، بانکی ناوەندیی لە 22 تاوەکو 26ی کانونی یەکەم تەنیا 139 ملیۆن دۆلار دەخاتەڕوو، کە ئەوەش کەمە لە ئاست ئاڵوگۆڕی دیناری عێراقی.

ئەوە لەکاتێکدایە، پێشتر بانکی ناوەندیی عێراق، رۆژانە 200 بۆ 250 ملیۆن دۆلاری دەخستەڕوو.

 بە قسەی جەبار گۆران، تاوەکو سەری ساڵی نوێ، نرخی دۆلار بەرانبەر دینار بە ناجێگیری دەمێنێتەوە و دوورنییە نرخی 100 دۆلار بچێتە سەرو 154 هەزار دینار.