نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان نیگه‌رانه‌

ژماره‌ی ئاواره‌كان له‌ غه‌زه‌ هه‌روا زیاد ده‌بێت

964+
ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵا
نەتەوە یەکگرتووەکان، ئه‌مڕۆ پێنجشەممە رایگەیاند، زیاتر لە 338 هەزار کەس ناچاربوون ماڵەکانیان لە کەرتی غەزە بەجێبهێڵن، کە بەهۆی شه‌ڕی حه‌ماس و ئیسرائیلەوە بۆردومان دەکرێت.

نووسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هەماهەنگی کاروباری مرۆیی (OSHA) لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاندووە، ژمارەی ئاوارەکان لە کەرتی غه‌زه‌ گەیشتووەتە 338 هەزار و 934 كه‌س، دوای ئه‌وه‌ی چوارشه‌ممه‌ 75 هه‌زار كه‌سی دیكه‌ ماڵه‌كانیان جێهێشت.

دانیشتووانی كه‌رتی غه‌زه‌ له‌ 2.3 ملیۆن كه‌س پێكهاتووه‌.

نووسینگەکە روونیکردووەتەوە، نزیکەی 220 هەزار کەس، واتە دوو لەسەر سێی ئاوارەکان، پەنایان بردووه‌تە بەر ئەو قوتابخانانەی کە دەزگای فریاگوزاری و کارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەنابەرانی فەڵەستین (UNRWA) لە کەرتی غەزە بەڕێوەی دەبەن، لە کاتێکدا نزیکەی 15 هەزار کەسی دیكه‌ پەنایان بردووەتە به‌ر ئەو قوتابخانەیانەی کە لەلایەن دەسەڵاتی فەڵەستینه‌وه‌ به‌ڕێوه‌ده‌بردرێن.

سەبارەت بە ژمارەی ئاوارەکانی دیکە، کە لە 100 هەزار کەس تێدەپەڕێت، پەنایان بۆ کەسوکار و دراوسێکانیان بردووه‌، هەروەها لەناو کڵێسا و شوێنی دیكه‌ی شاری غەزەدا گیرساونه‌ته‌وه‌.

هانیبال بڕیارە کوشندەکەی ئیسرائیل

هانیبال بڕیارە کوشندەکەی ئیسرائیل

نووسینگەی هەماهەنگی کاروباری مرۆیی لە زاری وەزارەتی کارە گشتیەکان و نیشتەجێبوون لە غەزە رایگەیاندووە، بۆردومانێکی قورس کە لەلایەن ئیسرائیله‌وه‌ بۆ سەر کەرتی غەزە دەستیپێکردووە، بووەتە هۆی لەناوچوونی لانیکەم دوو هەزار و 540 یەکەی نیشتەجێبوون.

ئاماژەی بەوەشکردووه‌ 22 هەزار و 850 یەکەی نیشتەجێبوونی دیکە زیانێکی مامناوەند تا کەمیان بەرکەوتووە.

هەروەها نەتەوە یەکگرتووەکان نیگەرانی خۆی دەربڕی، سەبارەت بەو وێرانکارییە گەورەیەی کە لە ئەنجامی بۆردومانەکانی ئیسرائیلدا بەر ژێرخانی مەدەنی لە کەرتی غه‌زه‌دا كەوتووە.

له‌وه‌ته‌ی شه‌ممه‌ی رابردووه‌وه‌ شه‌ڕ له‌ نێوان بزووتنه‌وه‌ی حه‌ماسی فه‌ڵه‌ستینی و ئیسرائیل ده‌ستیپێكردووه‌ و تا ئێستا به‌ سه‌دان كه‌س كوژراون و به‌ هه‌زارانیش بریندارن، هه‌روه‌ها به‌ ده‌یان كه‌سیش بێسه‌روشوێنن.

"ئیسرائیل هێرشی زه‌مینی ده‌كاته‌ سه‌ر غه‌زه‌"