ئەوانەی تازە هاوسەرگیریان کردووە ئاگادار دەکرێنەوە
964+
رێژوان مامە قادر – سلێمانی
بەڕێوەبەرایەتی پسووڵەی خۆراکی سلێمانی دەڵێت، بە هاوکاری بەڕێوەبەرایەتی دابەشکردنی نەوت و کۆمپانیای پاڤیان پسوڵەی نەوت بۆ ئەو خێزانانە دەکرێت کە فۆڕمی خۆراکیان جیانەکردووەتەوە.
یاسین مەحمود، بەڕێوەبەری پسوڵەی خۆراکی سلێمانی بە 964ـی راگەیاند، ئەو بڕیارە سەرجەم قەزا و ناحییەکانی سنووری پارێزگای سلێمانی دەگرێتەوە، بەڵام تا ئێستا دڵنیا نین بۆ ناو سلێمانیش دەبێت یان نا.
964 دەزانێت سەرەتا پێشنیازەکە لە قەزای پێنجوێنەوە دەرچووە و دواتر گشتێندراوە بۆ سەرجەم قەزا و ناحییەکانی تریش.
کۆمپانیای پاڤیان ئەو کۆمپانیایەی کە پسووڵەی نەوت بەسەر هاوڵاتیانی پارێزگای سلێمانیدا دابەش دەکات.
بەڕێوەبەری پسوڵەی خۆراکی سلێمانی وتیشی، “ئێستا دەرهێنانی فۆڕمی خۆراک وەستاوە تا بەئەلیکترۆنی دەکرێت، ئەوانەی تازە هاوسەرگیریان کردووە و ئەوانەی کۆنیش کە فۆڕمیان دەرنەهێناوە بڕیارەکە دەیانگرێتەوە”.
ئەم هەواڵە زیاتر تایبەتە بە تازە بوک و زاواکان، دەبێت سەردانی یەکەی سووتەمەنی بکەن و کارتی زیرەکی نەوت دروست بکەن بۆ ئەوەی لە بەشەسووتەمەنی بێبەش نەبن.
ئەو پێداویستیانەی ئاماژەیان پێکراوە:
– فۆڕمی خۆراکی ماڵی باوکی هەردوو هاوسەرەکە.
– کۆپیەک لە گرێبەستی هاوسەرگیرییان.
– کۆپی کارتی نیشتیمانی یان تەسکەرە.
– بڕی نۆ هەزار دینار وەردەگیرێت.
ساڵانە لە وەرزی سەرمادا حکومەت هەوڵدەدات نەوت دابەش بکات بەسەر هاوڵاتیاندا، بۆ ئەمساڵ نرخی یەک بەرمیل لەنێوان 103 بۆ 105 هەزار دینار دانراوە.