کەلاکێکی بێ مۆر قایمقایەتی گەیاندە سەر گۆشتفرۆشەکانی رانییە
964+
پێشەوا محەمەد
سەرلەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە هاوڵاتییەک دەچێتە لای گۆشتفرۆشێکی رانییە بۆ کڕینی گۆشت، کەلاکی ئاژەڵێک دەبینێت کە مۆری پێوە نییە، راستەوخۆ لیژنەکانی قایمقامیەت ئاگادار دەکاتەوە و ئەوانیش دەگەنە لای گۆشتفرۆشەکە.
لیژنەکە هەر لای ئەو گۆشتفرۆشە نامێننەوە، بەڵکو ئەو دەرفەتە دەقۆزنەوە و سەردانی زیاتر لە 10 دانەی دیکە دەکەن و رێنماییان دەدەنێ.
کارزان سلێمان، سەرۆکی لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامییەتی رانییە بە 964ـی راگەیاند، گۆشتفرۆشەکان لەژێر چاودێری ئەواندان و نابێت هیچ کەلاکێکی بێ مۆر بفرۆشن.
وتیشی، “ئێمە گومانمان کرد ئەو ئاژەڵەیان لە دەرەوە سەربڕیبێت، بەڵام دوای پشکنین دەرکەوت لە سەربڕینخانەوە کە هاتووە لەبیر کراوە مۆرەکەی لێبدرێت، گەڕێندرایەوە و دوای مۆردکردن گۆشتفرۆشەکە هێنایەوە دوکانەکەی”.
لە سنووری لیژنەکانی قایمقامیەتی رانییە زیاتر لە 50 گۆشتفرۆشی مۆڵەتپێدراو هەن.
“لە سنوورەکەمان هەندی گۆشتفرۆش هەن کە خۆیان ئاژەڵ سەردەبڕن و پلانی داخستنی هەموویانمان هەیە و دەبێت ئەوانیش ئاژەڵەکانیان لە سەربڕینخانەوە بۆ بێت”، ئەوەش قسەی سەرۆکی لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامییەتی رانییەیە.
باس لەوەش دەکات، لە سەردانەکەیاندا لە مۆڵەت و کارتی تەندروستی ئەوانەیان کۆڵیوەتەوە، کە لە گۆشتفرۆشییەکاندا کار دەکەن.