ئامارەکە زیاترە
لە ماوەی نۆ مانگدا 49 داون لە دهۆک دەستنیشانکراون
964+
هیڤی دێوالی – دهۆک
تەنیا لە تاقیگەیەکی ئەهلی لە شاری دهۆك، لە سەرەتای ئەمساڵ تا ئێستا 49 حاڵەتی نەخۆشی داون لە منداڵان دەستنیشانکراون.
بە قسەی پسپۆڕانی تەندروستی لە سنووری پارێزگای دهۆكدا حاڵەتێكی زۆری نەخۆشی داون لەناو منداڵاندا هەیە، بەڵام بەهۆی ئەوەی ئامارێكی وردی فەرمی لەلایەن حكومەتەوە رانەگەیەندراوە، ناتواندرێت رێژەكە دەستنیشان بكرێت.
د.عامر عەبدوڵا، پزیشكی پسپۆڕی تاقیگە و شیكارییەكان بە 964ی وت، لە تاقیگەكەیاندا و تەنیا لە ماوەی نۆ مانگی رابردووی ئەمساڵدا 49 حاڵەتی نەخۆشی داونیان دەستنیشان كردووە.
وتیشی “هەموو ئەو ژنانەی لە تەمەنێكی بچووکدا منداڵیان دەبێت، زۆربەی منداڵەكانیان هەڵگری نەخۆشی داونن”.
بە قسەی ئەو پزیشکە، لە تاقیگەكاندا دوای دوو رۆژ، ئەنجامی پشكنینەكانی ئەو نەخۆشییە دەردەكەوێت، ئەویش بەهۆی تایبەتمەندی حاڵەتەكەوەیە، ئامۆژگاری دایكان و باوكانیش دەكات بە زوویی پشكنین بۆ منداڵەكانیان بۆ ئەوەی دڵنیاببنەوە لەو نەخۆشییە.
مامۆستایەکی ئاینی و گەنجێکی تووشبووی داون بە یەکەوە وتار دەدەن
بە پێی زانیارییەكانی 964، تا ئێستا هیچ نەخۆشخانەیەكی تایبەت بە تووشبووانی داون لە دهۆک نییە، بەڵكو لە سەنتەری دەروونی دهۆک، حاڵەتەكانی داون چارەسەر وەردەگرن.
بە قسەی ئەو پزیشکە پسپۆڕە بێت، لە سنووری پارێزگای دهۆکدا بە سەدان حاڵەتی ئەم نەخۆشییە هەن، دهشڵێت “لە هەر هەزار منداڵێكی لەدایكبوو، یەك منداڵ هەڵگری ئەو نەخۆشییەن” .
بەپێی ئەو ئامارە فەرمییەش كە 964 دەستیكەوتووە، لە ساڵی 2022 لە پارێزگای دهۆک 43 هەزار و 140 منداڵ لە دایکبوونە، بە گوێرەی قسەی ئەو پزیشكەش بێت، تەنیا لە ساڵی پار زیاتر لە 43 حاڵەتی داون لەنوێوە تۆمار كراون.
پێداچوونهوه: فهرهاد حهسهن