پلانی وەبەرهێنان بۆ ساڵی نوێ ئاشکرا کرا

964+

هاوبەش ئەبوبەکر – سلێمانی

پلانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ وەبەرهێنان لە ساڵی ٢٠٢٣ ئامادە کراوە و هەزار و ٣٠٦ دەرفەتی وەبەرهێنانی تێدایە، بەپێی وتەی دەستەی وەبەرهێنان.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، ٢٢ی کانوونی یەکەم، محەمەد شوکری سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، بۆ ساڵی داهاتوو سندوقی وەبەرهێنان دامەزراوە و ٥٪ـی پڕۆژەکان موڵکی دەستەی وەبەرهێنان دەبێت و لەناو ئەو سندوقە دادەندرێت و دواتر حکومەت وەبەرهێنانی راستەوخۆی پێدەکات.

بە وتەی سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان، ئێستا ١٣٠ هەزار دەستی کار بە شێوەی راستەوخۆ لە پرۆژەکانی وەبەرهێنان کار دەکەن و بە هەزاران کەسی دیکەش بەشێوەی ناڕاستەوخۆ دەرفەتی کاریان بۆ رەخساوە.

بەپێی رێنماییەکانی دەستەی وەبەرهێنان، پێویستە لانیکەم ٧٥٪ی دەستی کار ناوخۆیی بێت، بۆ ئەوەی لە رێگەی کەرتی تایبەتەوە ھەلی کاری زیاتر  بڕەخسێنرێت.

بەپێی رێنماییەکانی دەستەی وەبەرهێنان، پێویستە لانیکەم ٧٥٪ی دەستی کار ناوخۆیی بێت

محەممەد شوکری وتی، “ئەمساڵ لە سەرجەم فەرمانگەکانمان ٤٠١ پڕۆژە پەسندکراون، لە ساڵی ٢٠٢٢ سەرجەم فەرمانگەکانمان لە ئیدارە سەربەخۆکان کراون بە بەڕێوەبەرایەتیی گشتی بۆ ئەوەی کارئاسانی بکرێت بۆ دەرکردنی مۆڵەتی وەبەرهێنان و پەرەپێدان بە وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان”.

ساڵی ٢٠٢٢ مۆڵەت دراوە بە ٨٩ پرۆژەی وەبەرهێنان کە تێچووەکەیان دوو ملیار و ١٣٥ ملیۆن دۆلاری ئەمریکی  بووە و دوو پڕۆژەی وەبەرهێنانی بیانی بووە.

هەروەها ئەمساڵ ١٣ مۆڵەتی وەبەرهێنان هەڵوەشاوەتەوە و هەوڵدراوە جارێکی دیکە دەرفەتی وەبەرهێنانەکان بدرێنەوە بە وەبەرهێنەری دیکە.