"جێب یان پیکاب"

ناحیەی رزگاری بێ تاکسیە

964+
میلاد جەلال – گەرمیان

ناحیەی رزگاری سەر بە قەزای کەلار، تاوەکو ئێستا ھێڵی تاکسیی ناوشاری تێدا نییە، ھاوڵاتیان ئۆتۆمبێلی تایبەت وەک تاکسی بەکاردەھێنن، گواستنەوە و گەیاندنی گەرمیانیش دەڵێت، تاکسی ناوشار سەرکەوتوو نابێت لەو ناحیەدا.

بەشێک لە دانیشتوانی ناحیەکە گلەیی ئەوەدەکەن ھێڵی تاکسی ناوشاریان نییە، ئەو ھاوڵاتیانەی کە پێویستیان بە گواستنەوەی ناوشار ھەبێت، ناچار دەبێت ئۆتۆمبێلی جێب یان پیکاب بە کرێ بگرن.

“ھێڵی تاکسیی ناوشار لە ناحیەی رزگاری سەرکەوتوو نابێت، ھاوڵاتیان سێ ھەزار دینار نادەن بۆ گواستنەوەی ناوشار”، بەڕێوەبەری گواستنەوە و گەیاندنی گەرمیان وای وت.

ئیدریس مستەفا، بەڕێوەبەری گواستنەوە و گەیاندنی گەرمیان بە 964ـی وت، “تا ئێستا بەڕێوەبەری ناحیەکە ھیچ داواکارییەکی پێشکەشی ئێمە نەکردووە، تا ئێمەش ھێڵی ناوشار بە تاکسی بدەین”.

لەوبارەیەوە، جەمال ساڵح بەڕێوەبەری ناحیەی رزگاری بە 964ـی وت، “شۆفێری تاکسی نەھاتووە داواکاری پێشکەش بکات بۆ ھێڵی ناوشار، ھەرکەسێک بێت داواکاری پێشکەش بکات ئێمەش دەیدەین بە گواستنەوە و گەیاندنی گەرمیان، بۆ ئەوەی ھێڵی ناوشاری ناحیەی رزگاریان پێبدرێت”.

ناحیەی رزگاری سەر بە قەزای کەلارە، ژمارەی دانیشتوانەکەی نزیکەی 65 ھەزار کەس دەبێت.

سەرۆک شارەوانی رزگاری: بازاڕێکی مۆدێرن دروستدەکەین

سەرۆک شارەوانی رزگاری: بازاڕێکی مۆدێرن دروستدەکەین