"باجی زۆری لەسەرە"
فرۆشتنی سیمکارتی کۆڕەک لەدوزخورماتوو قەدەغە کرا
964+
سیروان خورشید – دوزخورماتوو
هێزەکانی ئاسایشی نشتیمانی لەدوزخورماتوو بە دوکاندارانی سیمکارتفرۆشی شارەکەیان راگەیاندووە، کە چیتر نابێت کڕین و فرۆشتن بە سیمکارتی کۆڕەکەوە بکەن بەپێچەوانەوە رووبەڕووی سزای یاسای دەبنەوە.
مريوان یوسف خاوەنی یەکێک لەو دوکانانەیە کە کڕین و فرۆشتن بە سیمکارتی کۆڕەکەوە دەکات لەدوزخورماتوو بە 964ی وت، “ئەمڕۆ لەلایەن هێزی ئاسایشی نشتیمانیەوە ئاگادار کراینەوە، لە ئەمڕۆوە نابێت هیچ مامەڵەیەک بە سیمکارتی کۆڕەک بکەین، پێیان وتین بەپێچەوانەوە رووبەڕووی یاسا دەبنەوە”.
بڕیاری حکومەتی عێراقیە
964 بۆ زانیاری زیاتر پەیوەندی بە موقەدەم سەلمان عەبدوڵا بەڕێوبەری ئاسایشی نشتیمانی دوزخورماتوو کرد ئەو وتی، “نوسراوی فەرمی لە حکومەتی عێراقیەوە دەرچووە بۆ سەرجەم پارێزگاکان کە چیتر نابێت کڕین و فرۆشتن بە سیمکارتی کۆڕەک تیلیکۆمەوە بکەن”.
بەڕێوبەری ئاسایشی نشتیمانی دوزخورماتوو ئەوەشی وت، “هۆکاری سەرەکی ئەم بڕیارە ئەوەیە کۆمپانیاکە باجێکی زۆری لەسەر کۆبووەتەوە”.
بەوتەی موقەدەم سەلمان عەبدوڵا، “ئەوانەی سەرپێچی دەکەن جگە لە زیندانی کردنیان بۆ ماوەیەک و سزای مادیش دەکرێن”.
964 پەیوەندی بەچەند بریکارێکی کۆمپانیای کۆڕەک لە کەرکوک کرد ئەوان نەیانویست ناویان بهێنین، دەڵێن، “ئاگاداری بە ئێمەش گەیشتووە کە نابێت چیدی سیمکارت بفرۆشین”.
پێداچوونەوە: فەهمی نەبی