قەرەخەرمان و دۆغەواکەی بەتام بووە

ژنێکی بەحرکە 150شێفی بڕی و بووە یەکەم

964+
شۆڕش هەرکی – هەولێر

فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی چێشتلێنان لە هەولێر کۆتایی هات، کە بۆ ماوەی چوار رۆژ بەردەوام بوو، ژنێکی خەڵکی بەحرکە توانی بە دەستاوەکەی خۆیەوە پلەی یەکەم بەدەستبهێنێت.

فێستیڤاڵەکە لەلایەن دەستەی گەشتوگوزار سەرپەرشتی کرا و رێکخراوی ماڵی شێفەکانی کوردستان بەڕێوەی برد، 150 شێفی کورد، سوری، لوبنانی، ئوردنی و عێراقی تێیدا بەشداربوون.

شێف شلێر ئەحمەد، بوو بە براوەی یەکەم لەسەر ئاستی پێشبڕکێکە، ئەو لە بارەی ئەنجامەکەوە بە964ی وت، “لەگەڵ رێکخراوی ماڵی شێفەکانی کوردستان بەشداربووین و بۆ ماوەی سێ رۆژ لە پێشبڕکێیەکی بەهێزدا توانیم پلەی یەکەم بەدەستبێنم”.

له‌ هه‌ولێر پێشبڕكێ شێفی 32 وڵات به‌ڕێوه‌ده‌چێت

له‌ هه‌ولێر پێشبڕكێ شێفی 32 وڵات به‌ڕێوه‌ده‌چێت

ئەوان لە دروستکردنی خواردنی فۆلکۆری و بۆ دروستکردنی هەر خواردنێک ماوەی 45 خولەکیان پێویست بوو، شلێر ئەحمەد دەڵێت، “خێرایی و خاوێنی و بەتامی هەمووی نمرەی لەسەر بوو، لە رۆژی سێیەم بە خواردنی ئیتالی و ئێرانی بەشداریم کرد، بە تایبەت خورمە سەبزییان زۆربەلاوە خۆشبوو”.

دادوەرانی پێشبڕکێیەکە سەرسام بوون بە توانای شلێر، هەریەک لە خواردنەکانی قەرەخەرمان و دۆغاوایان وەک بەتامترین خواردن داناوە.

شلێر زیاتر لە هەشت ساڵە کاری خواردن دروستکردن دەکات، بەشی زۆری خواردنی رۆژهەڵاتی و رۆژئاوایی دەزانێت، ئەو بوو بە براوەی خەڵاتی یەکەم، زێر و زیو و دوو جامی پێشکەش کرا، هەروەها تیمی تێکەڵ لە (سوری، لبنانی، ئوردنی، فلیپینی و ئەوروپی) و تیمی عێراقی خەڵاتی دووەم و سێیەمیان پێدرا.

پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا