کچێکی 16 ساڵانە
کەیسێکی هاوشێوەی ژینا ئەمینی لە ئێران دووبارە دەبێتەوە
964+
پێشەوا محەمەد
بە پێی زانیارییەکانی رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، هێزە ئەمنییەکانی ئێران بەهۆی نەکردنی حیجابەوە هێرشیان کردووەتە سەر ئارمیتا گەڕاوەندی 16 ساڵ و ئێستا بە بێهۆشی لە نەخۆشخانەیە.
رووداوەکە رۆژی یەکشەممە 1.10.2023 لە میترۆی شەهۆدای تاران روویداوە، زانیارییەکانی رێکخراوەکە، کە چاودێریی رەوشی مافی مرۆڤ دەکات لە رۆژهەڵات، ئاشکرای کردووە کاتێک هێزەکانی تایبەت بە حیجابی زۆرەملێ لە ئارمیتا دەدەن دەچێتە کۆماوە (بێهۆشی) و دواتر دەگوازرێتەوە بۆ نەخۆشخانەی فەجری تاران و “لەژێر کۆنتڕۆڵێکی ئەمنیی چڕدا چاودێریی دەکرێت”.
ئارمیتا گەڕاوەند خەڵکی شاری کرماشانە و دانیشتووی تارانە.
لە 13.9.2022دا ژینا ئەمینی تەمەن 22 ساڵ و خەڵکی شاری سەقز، بە هەمان تۆمەتی نەکردنی حیجاب لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە تاران لێی دەدرێت و دواتر گیان لەدەست دەدات.
هەواڵی "ژینا ئەمینی"ـیان به جیهان گهیاند و خهڵات كران
گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی بووە هۆی دروستبوونی ناڕەزایەتییەکی تووند لە شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و بۆ ماوەی چەند مانگێک خۆپیشاندان بەردەوام بوو.
مانگرتنی گشتی لە شارەکانی رۆژهەڵات دروست بوو و بەو هۆیەشەوە زیاتر لە 1000 هاوڵاتی دەستگیر کران و زیاتر لە 25 هاوڵاتی دیکەش لە خۆپیشاندانەکان و چلەی ژینادا کوژران.
رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو لە راپۆرتەکەیدا دەڵێت، “ناهێڵێن بنەماڵەکەی ئارمیتا ببینن و نەخۆشخانەکە بە هێزی ئەمنیی زۆر تەنراوە، هاوکات رۆژنامەنووسێکیش کە سەردانی نەخۆشخانەکەی کردووە دەستگیر کراوە و دواتر ئازاد کراوە”.
“بەرپرسانی ئێران رایانگەیاندووە، لەهۆشچوونی ئارمیتا پەیوەندی بە لێدانەوە نییە و ئەو بەهۆی کەمبوونەوەی پەستانی خوێنەوە وای لێ هاتووە”، ئەوەش زانیاریی رێکخراوەکەیە.
هێزە ئەمنییەکانی ئێران ساڵی رابردوو بۆ حاڵەتی گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی لێدوانی هاوشێوەیان بڵاودەکردەوە.
ئاماژە بەوەش دراوە، “لە ماوەی دوو رۆژی رابردوودا هیچ هەواڵێک لە بنەماڵەی ئەم کچە مێردمنداڵە، بە تایبەتی باوکی و دایکی بڵاونەبووەتەوە، ئەمەش دەرخەری کۆنتڕۆڵی تووندی ئەمنییەت و گوشارە بۆ سەر ئەم بنەماڵەیە، بە مەبەستی رێگریکردن لە بڵاوکردنەوەی هەرچەشنە زانیارییەک”.