تێیاندایە 18 ملیۆن دینار قەرزارە

سۆراغ؛ بەشێک لە جوتیارەکان قەرزەکانیان نادەنەوە

964+
دیلان محەمەد جەزا

لە بازاڕی سلێمانیدا هێنانی پێداویستی کشتوکاڵی لەلایەن جوتیارانەوە لە دوکانەکانی ئەو بوارە بە شێوەی قەرز بەردەوامبوونی هەیە، بە پێی بەدواداچوونی 964، لە کاتی ساغنەبوونەوەی بەرهەمدا هەندێک لە جوتیاران پارەی قەرزەکانیان نادەنەوە.

بۆ ئامادەکردنی ئەم راپۆرتە سەردانی چەند کۆمپانیایەکی بواری کشتوکاڵیم کرد، کاتێک دەم وت قەرز هەیە بۆ جوتیار، پێیان دەوتم نەخێر قەرزمان نییە.

کاکۆ کاروان خاوەن کۆمپانیای بواری کشتوکاڵی بە 964ـی وت، هەندێک جوتیار پێداویستیە کشتوکاڵیەکان بە قەرز وەردەگرن، بەڵام بەهۆی ناجێگیری بازاڕەوە زەرەر دەکەن و جوتیارەکە ناتوانێت پارەی پێداویستیەکان بداتەوە.

حاڵەتەکان زۆرن لە پارەنەکردنی بەرهەمی جوتیاران یاخود لەناوچونیان، ئەوەش قەرزێکی زۆر لەسەر جوتیار دەکەوێت لە بازاڕدا و بۆ ساڵی داهاتوو دەیەوێت زەرەرەکەی قەرەبووبکاتەوە، بەڵام بە هەمان شێوە دەبێت و قەرزەکەی سەریشی دەبێت بە دوو هێندە.

جوتیارێک لە ساڵی 2010ـەوە 18 ملیۆن دیناری لایە

هەندێک لەو جوتیارانە لە کاتی کەڵەکەبوونی قەرزەکانیاندا لە بازاڕدا خۆیان دەشارنەوە، یەکێک لەو نمونانە جوتیارێکە کە زانیاریەکان لەبارەیەوە لای ئێمە پارێزراوە و لە ساڵی 2010ـەوە 18 ملیۆن دیناری لایە.

ئەم بابەتە دوکاندارەکانیشی گرتووەتەوە، کاتێک قەرز دەدەن بە جوتیارەکان و پێیان نادەنەوە قەرزاری کۆمپانیاکان دەبن، ئەم بابەتە زیاتر ئەو جوتیارانە دەگرێتەوە کە خانووی پلاستیکیان هەیە و تێچوویەکی زۆری هەیە.

سامان حسێن جوتیارە و بە 964ـی وت، ئەمساڵ لە دەشتی شارەزووردا بەرهەم کەمبووە بەهۆی بێ ئاویەوە، لە هەمانکاتدا بازاڕی بەرهەمەکانیان کەمە و پارە ناکات.

لە کاتێکدا دوکاندار و کۆمپانیاکانی بواری کشتوکاڵی لە کاتی پێدانی قەرز بە جوتیار لەسەرو نرخی بابەتەکان زیادەیەکی دەخەنە سەر، لەبەر ئەوەی بە قەرز پێیان دەدەن.

لە کاتی ساغنەبوونەوەی بەرهەمەکاندا جوتیار قوڕی بۆ دەگیرێتەوە، لەلایەک پارەی پێداویستیەکان و لەلایەک ئەو زیادەیەی خراوەتە سەری، ئەوە هیلاکی و ماندووبوون لەولاوە بوەستێت.

جۆرێک لە بێ متمانەیی دروست بووە

هەندێک جوتیار سەرکێشی دەکەن و هەندێکیشیان نایانەوێت پارەی کۆمپانیاکان بدەنەوە، بۆیە جۆرێک لە بێ متمانەیی دروست بووە.

کاکۆ کاروان باسی لەوەکرد، ئێستا جۆرێکی دیکەی فێڵ کردن هەیە، لەلایەن کەسانێکەوە پسوڵەیەکی عەلوە دەبەن بۆ دوکان و کۆمپانیاکان، دەڵێن ئەوە نمونەی بەرهەمەکانمانە کە فرۆشتومانە بە عەلوەی سلێمانی.

“بە دوکاندارەکە دەڵێن تۆ پێداویستیمان پێبدە بە قەرز کە بەرهەممان پێگەیشت پارەکەیت دەدەینێ، دوای هێنانی پێداویستیەکان بە شوێنێکی دیکە بە نیوە قیمەت دەیفرۆشنەوە و خۆیان ون دەکەن، لە راستیدا ئەو کەسانە جوتیار نین و بۆ مەبەستی قۆڵبڕین ئەو کارە دەکەن، وەسڵەکان ساختەن”، کاکۆ کاروان وای وت.

ئەمڕۆ جوتیارانی سلێمانی پارە وەردەگرن

ئەمڕۆ جوتیارانی سلێمانی پارە وەردەگرن