بەختیار عەلی لەبارەیەوە چی دەڵێت؟
خاوەنی جەنگی قەڵەم بەرامبەر کڵاشینکۆف کۆچی دوایی کرد
964+
پێشەوا محەمەد
دوێنێ شەممە کتوپڕ خالید خەلیفە جەڵتەی دڵ لێیدا و گیانی لەدەستدا. ئەو نووسەرێک بوو هێشتا خوێنەرانی دونیای عەرەب زۆریان لێ چاوەڕێ دەکرد. “ئەو یەکێک بوو لە گرنگترین نووسەرانی دونیای عەرەب”.
خالید خەلیفە ساڵی 1964 لە حەلەبی سوریا لەدایک بووە. بەکالۆریۆسی لە یاسادا هەیە و دوای نووسینی چوار رۆمان و چەند کۆمەڵە چیرۆک و دراما و چەندان تێکستی شانۆیی، لە تەمەنی 59 ساڵیدا گیانی لەدەستدا.
خالید خەلیفە لە دونیای عەرەبیدا بە هەڵسێنەری جەنگی قەڵەم بەرامبەر کڵاشینکۆف دادەندرێت. خۆی دەڵێت، “ئەو ئەرکە قورسە، بەڵام گرنگ مانەوە و بەردەوامییە لەسەر ئەو باوەڕە و کارکردن بۆی”.
هەوڵێک بۆ نووسینەوەی رق
ئەو رۆماننووسە ساڵی 2008 رۆمانی “ستایشی رق”ـی بڵاوکردەوە. رۆمانەکە باسی سێ دەیەی دەسەڵاتی حافز ئەسەدی سەرۆکی ئەوکاتی سوریابوو، کە چۆن گڕی بەردابووە کۆمەڵگای سووریا و وایان کردبوو رق هەموو شتێک داببۆشێت. رۆمانەکە هەر زوو کەوتە بەر ستایشی خوێنەران و رەخنەگران و میدیاکان و هەمان ساڵیش یەکێک لە پاڵێوراوە سەرەکییەکانی وەرگرتنی خەڵاتی بووکەری عەرەبی بوو.
ئەو سەبارەت بە رۆمانەکەی دڵخۆش بووە کە دەنگدانەوەیەکی ئاوای هەبووە، بەڵام لە دیدارێکی ماڵپەڕی ئەلعەرەبدا دەڵێت، “تەنیا بەو رۆمانە مێژووی رق لە کۆمەڵگای سووری و کۆمەڵگای عەرەبیدا نانووسرێتەوە”.
رۆمانی “لە چێشتخانەکانی ئەم شارەدا چەقۆ بوونی نییە” بووە براوەی خەڵاتی نەجیب مەحفووز و چووە لیستی کورتکراوەی خەڵاتی نێودەوڵەتی بۆ چیرۆکی خەیاڵی.
ئەو لە بواری نووسینی دراماشدا توانای لە رادەبەدەری هەبووە و دراماکانی بەردەوام لە ریزی پێشەوەی ئەوانەدا بوون کە بۆ وەرگرتنی خەڵاتەکان کاندید بوون. “نووسینی دراما سەربەخۆیی دارایی پێبەخشیم و ئەزموونێکی نوێی نووسینیش بوو کە چێژم لێدەبینی”.
بۆ مانەوە دەینووسی
یەکێک لەو داواکارییانەی بەردەوام لە خالید خەلیفە دەکرا ئەوە بوو، کە بەرهەمی کەمە. بەڵام ئەو هیچ کاتێک نەچووە ژێرباری زۆر و بۆرکردنی بەرهەمەکانی. خۆی لە دیدارێکیدا دەڵێت، “من چێژ لە کاتی نووسینی رۆمانەکانم وەردەگرم، رۆماننووسین هونەرێکی فێڵبازانەیە و پێویستی بە تێڕامانێکی درێژخایەنانە هەیە”.
لە درێژەدا دەشڵێت، “من هێندەی بەلامەوە گرنگە رۆمانێک بنووسم و بمێنێتەوە و بەردەوام دەقێکی زیندوو بێت، هێندە بیر لە زۆرکردنی بەرهەمەکانم ناکەمەوە”.
ئەو زۆر گرنگیی بە وەرگرتنی خەڵاتیش نەدەدا، “کاتێک خەڵاتێک وەردەگرم چەند رۆژێک لەگەڵ هاوڕێکانم ئاهەنگی بۆ دەگێڕین، بەڵام دواتر وەک ئەوەی هیچ نەبووبێت دەچمەوە سەر نووسینەکانم و پێیانەوە پابەند دەبمەوە”.
سانسۆر و داهێنان
هەر تەنیا رۆمانی “ستایشی رق” بە تووندی قەدەغە نەکرا، بەڵکو هەندێ بەرهەمی تری ئەو نووسەرە سانسۆر کران، بەڵام خالید خەلیفەیان سارد نەکردەوە.
ئەو دەڵێت، “لە کاتی نووسینی بەرهەمی نوێمدا بیرم لای سانسۆرکردنی نەبوو، چونکە بەرهەمەکە هەر دەگاتە خوێنەران و مێژووش ئەوەی سەلماندووە ئەوەی نامێنێتەوە سانسۆرە و ئەوەی بە نەمریش دەمێنێتەوە دەقە ئەدەبییە قەدەغەکراوەکەیە”.
ئەو داهێنانی لە بوارەکەی خۆیدا کرد. پێی وابوو نووسەر تۆقێنەر بێت لە گەیاندنی ئەو بیرۆکەیەی پێیەتی، بە تەواوەتی دیوە تاریک و نەبیندراوەکانی کۆمەڵگەکەی خۆی هەڵبکۆڵێت و بەیانی بکات.
بەختیار عەلی، نووسەر و رۆماننووسی کورد سەبارەت بە مەرگی ئەو نووسەرە دیارەی عەرەب دەڵێت، “خالید ئەگەر گرنگرترین رۆماننووسی هاوچەرخی دونیای عەرەب نەبووبێت، ئەوا یەکێکە لە گرنگترین دەنگە ئەدەبییەکانی خۆرهەڵات”.