بزانە چەند کەمکراوەتەوە
باجی سەر هۆڵە وەرزشییەکان کەمکرایەوە
964+
فەهمی نەبی
بەڕێوەبەرایەتی گشتی وەرزش رایگەیاند لە کۆبونەوەی ئەمڕۆیان بڕیاریانداوە باجی سەر هۆڵە وەرزشیە لەشجوانی و لەشڕێکی بەڕێژەی %75 کەمکراوەتەوە.
کۆبوونەوەکە ئەمڕۆ یەکشەممە بەڕێوەچووە، هەریەکە لە سەرۆکی یه‌كێتیی له‌شجوانیی لقی هه‌ولێر و نوێنەرانی هەریەکە لە شارەکانی سلێمانی و دهۆک ئامادەبوونە.
سەردار ئیسماعیل به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی وه‌رزشی هه‌رێمی كوردستان بۆ 964 وتی، “پێشتر ئەو پێشنیازەمان بۆ لایەنی پەیوەندیداری حکومی بەرزکردەوە و ئەوانیش رەزامەندییاندا لەسەر کەمکردنەوەی باجی سەر هۆڵەکانی لەشجوانی و لەشڕێکی کەمبکرێتەوە، بڕیاردرا کە ئەو باجە زۆرەی لەسەر هۆڵەکان هەیە کەمبکرێتەوە، چونکە خاوەنی هۆڵەکان سکاڵای زۆری باجیان کردبوو”.
بەوتەی سەردار ئیسماعیل، ئەو پیشنیازە بۆ ئەوەیە لەبری گرنگیدان بە کردنەوەی کافتریای نوێ، زیاتر گرنگی بە هۆڵی لەشجوانی بدرێت، بۆئەوەی گەنجان روو لە کاری تەندروست بکەن.
به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی وه‌رزشی هه‌رێمی كوردستان، دەڵێت کەمکردنەوەی باجەکان لەسەر بنەمای پلە یەک و دوو سێی هۆڵەکان دەبێت، رەچاوی باری خێزانی خاوەنی هۆڵەکە دەکرێت، بزاندرێت ئایا خێزاندارە یان سینگڵە، %75ی ئەو رێژەیەی هەبووە کەمدەکرێتەوە.
بەگوێرەی ئامارەکانی به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی وه‌رزشی هه‌رێمی كوردستان، لەشاری هەولێر 140 سەنتەر و هۆڵی وەرزشی هەیە و بەکۆی گشتی 400 هۆڵ و شارەکانی هەرێمی کوردستان هەیە.