پارێزگای سلێمانی بە ٢٥ هەزار نەمام سەوز دەکرێت
964+
هاوبەش ئەبوبەکر – سلێمانی
ماوەی ٢٠ رۆژە هەڵمەتێک بۆ چاندنی ٢٥ هەزار نەمام لە سنووری پارێزگای سلێمانی دەستیپێکردووە و لێپرسراوی باخچەی شارەوانییەكانی ئەو شارە دەڵێت هەڵمەتەکە لە قۆناغی کۆتاییدایە.
نەمامەکان بەسەر ٤٣ شارەوانی سنوری پارێزگای سلێمانی دابەشکراون و لە رێگەی نەمامگەكانی دەربەندیخان، دوكان، بانی مەقان، سەرچنار و شازاد سائیب دابین کراون.
بەختیار محەمەد، لێپرسراوی باخچەكانی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی شارەوانییەكانی سلێمانی بە ماڵپەڕی حکومەتی هەرێمی راگەیاندووە، “یاداشتێكیان پێشكەشكردبوو بۆ چاندنی نەمام و لەلایەن وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوەوە رەزامەندیی لەسەر دابینكردنی ٢٥ هەزار نەمام دراوە، ئەوانیش بەبێ بەرامبەر دابەشیانكردووە بەسەر ٤٣ شارەوانی سنوری پارێزگای سلێمانی.”
دەشڵێت، هەڵمەتەكە بە باشی بەڕێوەدەچێت و لە سەرەتای مانگی ١٢ دەستیپێكردووە و ئێستا لە قۆناغەكانی كۆتاییدایە.
لە ماوەی ساڵانی رابردووشدا بەڕێوەبەرایەتی دارستان و پاوانی سلێمانی بە بێ بەرامبەر نزیكەی ٧٠ هەزار نەمامیان بۆ شارەوانییەکانی سنووری پارێزگای سلێمانی دابین کردووە.
هەر ئەم مانگە لە رۆژی ٦ی کانونی یەکەم، لە پرۆژەیەکی سەوزکردندا هەڵمەتی چاندنی نزیکەی ١٨ هەزار نەمام لەناو زانکۆی سلێمانی راگەیەندرا و ناوی زانکۆکەش بە سەوزایی و درەخت دەنوسرێتەوە.