هەوڵیان دا گۆڕی مردوویەک هەڵبدەنەوە و ئامارەکانی حەمدانیەش راگەیەندرا

964+

ژووری هەواڵ

تەندروستی نەینەوا دوایین ئاماری زیانە گیانییەکانی ئاگرەکەی حەمدانیەی بڵاوکردەوە و دەڵێت، 104 کەس گیانیان لەدەستداوە و لەناویاندا 41 یان ئەوەندە سووتاون هێشتا نەناسراونەتەوە.

دوو رۆژ لەمەوبەر بنەماڵەیەک لە ناحیەی فایدێی دهۆک بە بیانووی ئەوەی گوێیان لە دەنگی مردووەکەیان بووە، پەلاماریان دا گۆڕی باوکێکی 60 ساڵ هەڵبدەنەوە، بەڵام هێزە ئەمنییەکان رێگریان لێکردن.

کەشناسی هەرێمی کوردستان دابەزینی پلەکانی گەرمای راگەیاند بە مانای ئەوەی ئیتر جەوی پاییزە و زستانە دەستپێدەکاتەوە، هەر ئەوەش نا، پێشبینیی کردووە ئەم دووشەممەیە باران ببارێت.

سەندیکای کارمەندانی تەندروستیی لە سلێمانی، دەیەوێت بە راوێژ لەگەڵ پزیشک و کارمەندی نەخۆشخانەکان بڕیار لە بارەی شکاندنی بایکۆتەوە بدات لە بنکە و ناوەندە تەندروستییەکان.

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ لەسەر رێگای هەولێر بۆ موسڵ، لە نزیک عەلوەی هەولێر، نۆ ئۆتۆمبێل خۆیان بەیەکدا کێشا و خاوەنی دوو ئۆتۆمبێلیش هەڵاتن.