"دوو شۆفێر هەڵاتوون"

نۆ ئۆتۆمبێل رووداوێکی هاتوچۆیان دروست کرد

964+
شۆڕش هەرکی – هەولێر

ئەمڕۆ شەممە 30.9.2023 لەسەر رێگای نێوان هەولێر بۆ موسڵ، لە نزیک عەلوەی هەولێر، نۆ ئۆتۆمبێل خۆیان بەیەکدا کێشا.

ئەو ئۆتۆمبیلانەی خۆیان بەیەکدا کێشاوە، و لە شوێنی رووداوەکە مابوونەوە شەش ئۆتۆمێلی تایبەت بوو لەگەڵ ئۆتۆمبیلێکی بارهەڵگر، دو ئۆتۆمبێلیش هەڵاتبوون.

سۆران حەسەن، خاوەنی یەکێک لەو ئۆتۆمبێلانەیە و بە 964ی وت، “لەسەر رێگای عەلوەی هەولێر، قەرەباڵغییەکی زۆر هەبوو، لە شەقامدا، لەناکاو خۆم بە ئۆتۆمبێلێکدا کێشا و لە پشتەوەش ئۆتۆمبێلێک بە منیدا کێشا، کاتێک دابەزین سەیرمان کرد حەفت ئۆتۆمبێلی دیکەش خۆیان بەیەکدا کێشاوە و دوو ئۆتۆمبێلیش هەڵاتبوون”.

بە وتەی ئەو شۆفێرە بێت، “ئەو ئۆتۆمبێلەی هۆکاری سەرەکی رووداوەکە بووە، لەوێ نەماوە و کەس نەیبینیوەتەوە”.

لە بارەی رووداوەکەوە فازڵ حاجی، وتەبێژی هاتوچۆی هەولێر بە 964ی وت، “هیچ کەسێک ئێمەی ئاگادارنەکردۆتەوە بە بوونی رووداوەکە، چونکە عادەتە ئەگەر رووداوەکان قورس نەبن، لەناو خۆیاندا شۆفێرەکان رێکدەکەون”.

ئەو ئەوەشی وت، “ئەو شوێنەی روداوەکە تێیدا روویداوە، بەردەوام قەرەباڵغییەکی زۆری تێدایە، هۆشیاری زۆریش بە شۆفێران دراوە، پابەندی رێنماییەکانی سەلامەتی بن”.