شیرینی کوردەواری لە فرۆشگایەکی شیرینی لە سلێمانی. وێنە: 964
فرۆشیارەکان: خواست لەسەر شیرینی کوردی کەمبووەتەوە
964
دیلان محەمەد جەزا
لەگەڵ هاتنی وەرزی سەرما بازاڕی شیرینیە کوردەوارییەکان روو لە کزیی دەکات، فرۆشیارێک دەڵێت، کە گەشتیار کەمدەبێتەوە 75%ـی فرۆشیان دادەبەزێت.
سەڵاح مەولود فرۆشیاری شیرینی کوردی لە بازاڕی سلێمانی بە 964ـی وت، لە وەرزی هاویندا فرۆشی شیرینیە کوردەواریەکان زیاترە، لەبەر ئەوەی رێژەیەکی زۆری گەشتیار سەردانیان دەکەن، بە تایبەت ئەو کەسانەی لە دەرەوەی وڵات دەگەڕێنەوە.
فرۆشیارێکی دیکەش وتی، لە ئێستاوە تا بەهار بازاڕیان 75% کەمدەبێتەوە، ئەوەش بەهۆی کەمخواردنی ئەو جۆرە شیرینیانە لەلایەن هاوڵاتیانی ناوخۆوە.
ئەوان دەڵێن، شیرینیەکان هەریەکە لە سجوق و لوقم و گەزۆن، سەرجەمیان لە کارگەکانی ناو شاری سلێمانی و لە بەرهەمی خۆماڵی دروست دەکرێن.
لەبارەی نرخەوە باسیان لەوە کرد، نرخەکانیان کەمێک لە بەرهەمی هاوردە گرانترە، “بەڵام بەتامن و هاوڵاتی دڵنیایە لە کوالێتیەکەی”.