وێنەی مۆنۆمێنتی هەڵەبجە و سیمبوڵی ناساندنی پارێزگاکە - وێنە: ئەرشیفی 964
"هێشتا گرەنتی نییە"
ئایا شەممە دەنگ لەسەر بەپارێزگابوونی هەڵەبجە دەدرێت؟
964+
هاوبەش ئەبوبەکر
دەنگدان بە هێنانەکایەی پارێزگای هەڵەبجە خراوەتە بەرنامەی کاری ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و بڕیارە رۆژی شەممە دەنگی لەسەر بدرێت، پەرلەمانتارێکیش دەڵێت، قسە لەگەڵ هەموو لایەنەکان کراوە دەنگی پێبدەن.
بەپێی بەرنامەی کاری ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کە ئەمرۆ پێنجشەممە 28.9.2023 بڵاوکراوەتەوە، هێنانەکایەی پارێزگای هەڵەبجە یەکێکە لەو مژارانەی کە بڕیارە رۆژی شەممە 30.9.2023 لەشێوەی پرۆژەیاسایەکدا دەنگی لەسەر بدرێت.
د. نەرمین مەعروف، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی یەکێتی بە 964ـی راگەیاند، “هیچ شتێک گرنتی نییە لە سیاسەت، بەڵام فراکسیۆنەکەی ئێمە قسەی لەگەڵ هەموو لایەنەکان کردووە”.
تاوەکو ئێستا دوو جار خوێندنەوە بۆ پرۆژەیاسای هێنانەکایەی پارێزگای هەڵەبجە کراوە، بەشێک لە پەرلەمانتارە عێراقییەکانیش پرسی بەپارێزگابوونی چەند قەزایەکی دیکە تێکەڵ بە بابەتەکە بکەن.
لە رێکەوتی 13.3.2023، ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق پڕۆژەیاسای پارێزگای ھەڵەبجەی پەسەند کرد، رۆژی 2ی نیسانیش ئەنجومەنی نوێنەران خوێندنەوەی یەکەمی بۆ پڕۆژەکە کرد.
دواتر لە رۆژی 4.5.2023 پەرلەمانی عێراق خوێندنەوەی دووەمی بۆ پرۆژەیاساکە تەواو کرد و پێشنیاری ژمارەیەک پەرلەمانتاری خستەڕوو، کە داوای دابینکردنی بودجەیەکیان بۆ ئاوەدانکردنەوەی شارەکە و چارەسەرکردنی بریندارانی چەکی کیمیاوی دەکرد.