هەڕەشەی بڕینی کارەبا لە کەمپی باریکە دەکرێت

964+

دیلان محەمەد – سلێمانی

بەڕێوەبەرایەتی كارەبای سلێمانی هەڕەشەی بڕینی كارەبای كەمپی باریکە دەکات لە نزیک ناحیەی عەربەت، بەهۆی ئەوەی کەمپنشینەکانی پارەی کارەبا قەرزارن.

گوایە 900 ملیۆن دیناری پارەی کارەبایان لایە.

سیروان محەمەد، وتەبێژی كارەبای سلێمانی بە +964ی راگەیاند، بۆ ماوەی دوو رۆژ كارەبایان لە كەمپی عەربەت كوژاندووەتەوە، لەبەرئەوەی هاوڵاتیانی كەمپەكە پارەی كارەبایان نەداوە.

ئەو بەرپرسە دەڵێت، ئەگەر قەرزەكە نەدەنەوە، ئەوا هەفتەی داهاتوو بە تەواوەتی كارەبا لە كەمپەكە دەبڕن.

كەمپی باریكە پێنج كیلۆمەتر لە ناحیەی عەربەتەوە دوورە و سەر بە پارێزگای سلێمانیە، 417 خێزانی لە ئاوارەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان تێدایە، لە ساڵی 2005 دروستکراوە.

ئیدریس محەمەد، ئاوارەی رۆژھەڵاتە بە +964ی وت، “ئێمە چەند ساڵە لە كەمپەكەداین و تا ئێستاش هیچ پارەیەكمان لێ وەرنەگیراوە، نازانم بۆچی ئێستا حكومەت داوای پارەمان لێدەكات؟”.

خالید قەیتولی، ئەنجومەنی كەمپی باریكە بۆ 964+ی باسکرد، لە سەرەتای دروستبونی كەمپەكەوە تا ئێستا هیچ پارەیەكی كارەبایان بە حكومەت نەداوە كە بڕەكەی نزیكەی ٩٠٠ ملیۆن دینارە و حكومەت پارەكەی بۆ راگرتوون.

بە قسەی ئەو، بەو مەرجە كارەبایان بۆ کراوەتەوە کە لە ساڵی نوێوە پارەی کارەبا بدەن.