نمونەیەک لە کۆتایی گۆڕەپان و مەیدان لە سلێمانی. فۆتۆ: سۆشیال میدیا
فیدراسیۆن وا دەڵێت
نەبوونی بودجە چالاکییەکانی گۆڕەپان و مەیدانی پەکخستووە
+964
یادگار محەمەد – سلێمانی
نەبوونی بودجە بووەتە کێشەیەکی گەورە لەبەردەم بەڕێوەنەچوونی پاڵەوانیەتییەکانی گۆڕەپان و مەیدان.
بە پێی پرۆگرام و بەرنامەی فیدراسیۆنی گۆڕەپان و مەیدانی کوردستان، بڕیاربوو لە سەرەتای مانگی پێنجی ئەمساڵ و لە کۆتایی مانگی هەشتدا، دوو پاڵەوانیەتیی لەسەر ئاستی تازەپێگەیشتووان و پێشکەوتووان بۆ یانەکانی کوڕان و کچانی کوردستان ئەنجام بدرێت، بەڵام دابیننەکردنی بودجەی پاڵەوانیەتییەکان لەلایەن لیژنەی ئۆڵۆمپییەوە رێگربووە لە ئەنجامنەدانی پاڵەوانیەتییەکان.
بەشدار ئەحمەد سکرتێری فیدراسیۆنی گۆڕەپان و مەیدانی کوردستان بە 964ـی وت، بە پێی بەرنامەی فیدراسیۆنەکەیان بڕیاربوو لە سەرەتای مانگی پێنج پاڵەوانیەتیی پێشکەوتووان و تازەپێگەیشتووانی کوڕان و کچان ئەنجامبدرایە، بەڵام بەهۆی نەبوونی بودجەوە نەتوانرا بکرێت.
وتیشی، هەرچەندە لە مانگی حەوتی رابردوودا پاڵەوانیەتییەکیان بۆ ئاستی لاوان بەڕێوەبرد، لە بەرنامەشدا بوو پاڵەوانیەتییەکی دیکە بۆ پێشکەوتووان لە شاری هەولێر ئەنجام بدەن، بۆ ئەو مەبەستەش داوایان پێشکەش بە لیژنەی ئۆڵمپی کردووە بۆ ئەوەی بودجەی پێویستیان بۆ دابین بکەن، بەڵام تا ئێستا وەڵام نەدراونەتەوە و پێیان وتوون، ناتوانن سوود لەو پارەیە وەربگرن کە لە بانک دانراوە.
بە پێی پڕۆگرامی ساڵی 2023ـی فیدراسیۆنی گۆڕەپان و مەیدانی کوردستان، دەبوو لە ماوەی 10 مانگدا نۆ چالاکی جیاواز ئەنجام بدرێت، بەڵام تا ئێستا تەنیا دوو چالاکییان بەڕێوەچوون.