پاڵەوانیەتی گۆڕەپان و مەیدانی یانەکانی کوردستان بەڕێوەچوو

964+

یادگار محەمەد

لەسەر یاریگای کۆلیجی پەروەردەی وەرزشی زانکۆی سلێمانی رکابەرییەکانی پاڵەوانیەتی گۆڕەپان و مەیدانی لاوانی یانەکانی کوردستانە بۆ هەردوو ئاستی کوڕان و کچان بەڕێوەچوو، سکرتێری فیدراسیۆنی کوردستان دەڵێت پێشبینی ئەم ئاستە بەرزەمان نەدەکرد لە یاریزانان.

لە پاڵەوانیەتییەکەدا شەش یانەی کوڕان بەشدارییان کردبوو کە پێک هاتبوون لە یانەکانی سیروانی نوێ، بابان، سەرچنار، سەیدسادق، شێروانە و خانەقین، بۆ ئاستی کچانیش پێنج یانە ململانێی بەهێزیان دەکرد، یانەکانیش سیروانی نوێ، بابان، چەمچەماڵ، شێروانە و خانەقین بوون.

بەهۆی ئاست بەرزی یاریزانانەوە لەم پاڵەوانیەتییەدا پێنج ژمارەی پێوانەیی تۆمارکرا، دوای بەڕێوەچوونی رکابەرییەکانیش یانەی سیروانی نوێ لەسەر ئاستی کوڕان و کچان پلەی یەکەمی بەدەستهێنا و یانەکانی شێروانە و چەمچەماڵ لە کچاندا پلەکانی دووەم و سێیەمیان مسۆگەرکرد، هەردوو یانەی خانەقین و شێروانەش لە کوڕان پلەی دووەم و سێیەمیان دەستەبەرکرد.

پێداچوونەوە: توانا نەقی