كێشه‌ی ئاوی دوو گوند چووه‌ته‌ دادگا

+964

زەید کۆچەر – دهۆک

گوندی دوودی خواروو لە ناحیەی دینارتە کێشەی بێ ئاویی هەیە و 40 ماڵی گوندەکەی ناچار کردووە گونده‌كه‌ جێبهێڵن، ئێستا له‌گه‌ڵ گوندێكی دیكه‌ به‌ ناوی دوودی سه‌روو كێشه‌یان هه‌یه‌ و بڕیاره‌ له‌ دادگا یه‌كلابكرێته‌وه‌.

عه‌بدولخالق حەسەن، دانیشتووی گوندی دوودی خواروو، به‌ 964ی وت، “چەندان ساڵە گوندەکەمان بەهۆی کەمیی ئاوه‌وه‌ دەناڵێنێت، بەهۆی کەمیی ئاو لە ساڵی 2011وە تا ئیستا نزیکەی 40 ماڵ لە گوندەکە چۆڵیان کرد و ئیستا لە ئاکرێ و دەوروبەری نیشتەجێن، پێشتر نزیکەی 120 مال لە گوندەکە هەبوون، ئیستا تەنیا 80 ماڵ ماون”.

وتیشی، چەند جارێک کێشەکەمان گەیاندووە بە لایەنی پەیوەندیدار، بەڵام تا ئێستا چارەسەر نەکراوە، ئەگەر کێشەکە چارەسەر نەکریت، ئەگەرێکی زۆری هەیە خەڵکێکی زیاتر گوندەکە چۆڵ بکه‌ن.

دینارتە.. 70 ساڵە ناحیەیە و گەراجی نییە

دینارتە.. 70 ساڵە ناحیەیە و گەراجی نییە

964 سۆراغی بۆ بابەتەکە كرد و پەیوەندی بە بەڕێوه‌بەری ئاوی ئاکرێ كرد و زرار ئەحمەد بۆ 964 وت، “ئاگادارین لەسەر کێشەی ئەم گوندە، بەڵام بەداخەوە سروشتی ئەم گوندە ئاوی لێ دەرناچێت و ناتوانین هیچ بیرێک لێ بدەین، چەند جارێك کەسانی پسپۆڕمان بردووە، بەڵام خۆیان ئاماژەی پێ دەکەن ئەگەری هەبوونی ئاو له‌ گونده‌كه‌ زۆر زۆر کەمە، بۆیە کێشەکە چارەسەر نەکراوە.

لەلایەن خۆیەوە، سەربەست سەبڕی، به‌ڕێوه‌بەری ناحیەی دینارتە بە 964ی وت، ئیمە دوو گوندمان هەیە بە ناوه‌كانی “دوودی سەر و دوودی خواروو، پۆندێكی ئاو هەیە، سەرچاوەکەی لە دوودی سەرووه‌وه‌یه‌، كه‌ له‌ لایه‌ن دوودی خوارووشه‌وه‌ بۆ ئاوی خواردنەوە بەکار دەهێنریت، ئیستا کێشە دروست بووە لە نێوان هه‌ردوو گوند و لە چه‌ند رۆژی داهاتوو لە دادگا کێشەیان یەکلایی دەبێتەوە”.

وتیشی، “سێ پشکی ئاوەکە بۆ گوندی سەرووە و پشکێکی بۆ گوندی خوارووه‌، ئێستا ئاستی ئاوەکە کەمبووەتەوه‌”.

پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا