گرافیکی 964
سەرچاوەیەک لە بانکی ناوەندییەوە
964 کاتی دابەشکردنی موچە ئاشکرا دەکات
964+
ژووری هەواڵ
سەرچاوەیەک لە بانکی ناوەندیی عێراقەوە بە 964ـی راگەیاند، تاوەکو دوو بۆ سێ رۆژی دیکە 700 ملیار دینارەکە دەگاتە هەولێر و بەوپێیەش بێت، لە رۆژەکانی کۆتایی ئەم هەفتەیەدا دەست بە دابەشکردنی موچە دەکرێت.
سەرچاوەکەی 964 کە لە بانکی ناوەندیی عێراق پلەیەکی باڵای هەیە بە دیاریکراوی وتی، “تا ئەم ساتە هیچ بڕە پارەیەک لە بەغداوە نەنێردراوە بۆ هەولێر، لە سبەینێ یەکشەممەوە دەوام دەستپێدەکاتەوە، بەڵام دوو بۆ سێ رۆژی پێدەچێت تاوەکو رێکارەکانی ناردنی 700 ملیار دینارەکە تەواو دەبێت”.
وتیشی، بانکی ناوەندیی پارەکە دەنێرێت بۆ لقەکەی خۆی لە هەولێر، ئەوانیش دەیخەنە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان.
کەی موچە دابەشدەکرێت؟
بەپێی ئەو حساباتە بێت کە 964 کردوویەتی، پارەکە دەوروبەری سێشەممەی ئەم هەفتەیە دەگات و لە چوارشەممە و پێنجشەممەدا دەست بە دابەشکردنی دەکرێت.
رۆژی 20ـی ئەم مانگە، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان وەزارەتی دارایی راسپارد، راستەوخۆ لەگەڵ گەیشتنی 700 ملیار دینارەکە دەست بە دابەشکردنی موچە بکەن.
چیرۆکی 700 ملیار دینارەکە چییە؟
راسپاردنەکەی سەرۆکی حکومەتی هەرێم دوای ئەوە هات کە رۆژی 17ـی ئەم مانگە، ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاریدا، تاوەکو سێ مانگی تر، هەموو مانگێک 700 ملیار دینار بنێرێت.
ئەو پارەیەی بەغدا دەینێرێت بەشێوەی قەرزە و تاوەکو ئەو سێ مانگەش هەردوولا هەوڵدەدەن بگەنە چارەسەری بنەڕەتی بۆ کێشەکانیان.