فرۆشگایەکی مریشک فرۆشتن _ فۆتۆ: 964
لە خورماتوو رێگای بەغدا کرایەوە و مریشک گران بوو
964+
سیروان خورشید
لە خورماتوو نرخی یەک کیلۆ مریشک، لە سێ هەزار دینارەوە بۆ چوار هەزار و 500 دینار بەرزبووەوە، بەشێک لە مریشکفرۆشەکانیش دوکانەکانیان داخست.
ئەمڕۆ شەممە 23.9.2023، لە قەزای خورماتوو بەهۆی دەستنەکەوتنی مریشکەوە بەشێک لە مریشکفرۆشانی قەزاکە دوکانەکانیان داخست و لەهەندێ دوکانیش نرخەکەی گەیشتە چوار هەزار تا چوار و 500 دینار.
دیار دڵشاد، فرۆشیاری مریشک بە 964ی وت، “لە رۆژی هەینییەوە، لە دەواجینەکاندا مریشک رووی لە کەمبوون کردووە، بە رێژەیەکی کەم مریشمان پێ دەگات، جگە لەوەی نرخەکەی بەرزبووەتەوە و دەستیشمان ناکەوێت، بووە هۆکاری ئەوەی هاوڵاتیانیش بەو نرخە گرانە نەیکڕن”.
خالید خەلیل، یەکێکە لە خاوەن دەواجینەکانی خورماتوو ئەو بە 964ی وت، هۆکاری سەرەکیی کەمبوونی مریشک لە سنوورەکە هەناردەکردنیەتی بۆ بەغدا، بەو پێیەی پێشتر رێگە نەدەدرا مریشک لە سنووری خورماتووە هەناردە بکرێت.
لە خورماتوو زیاتر لە 70 کەس دەیانەوێت فێری خوێندەواری ببن
وتیشی، “لە خورماتوو زۆرترین دەواجینی مریشکی لێیە، لەگەڵ ئەوەی دەست بە هەناردەی مریشک کراوە، سەرەتا لە خورماتووە دەستیان بە ناردنی کردووە و بەرەو شارەکانی بەغدا و خوارووی عێراق، ئەمەش وایکردووە نرخەکەی بەرزبێتەوە و مریشک روو لە کەمبونەوە بکات”.
بە پێی زانیاریەکانی 964 لە سنووری قەزای خورماتوو، نزیکەی 50 دەواجینی مریشک هەن، ئەگەرچی پێشتر مریشک هەناردەی بەشێک لە شارەکانی هەرێمی کوردستانیش دەکرا، بەڵام ئێستا بەهۆی رێگەدان بە هەناردەی مریشک بۆ شارەکانی عێراق، وایکردووە رێژەکەی روو لە کەمبوونەوە بکات و نرخەکەشی تا دێت بەرەو بەرزبونەوە بچێت.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا