دیمهنى منداڵێكى كارپێكهر له ئیدارهى سۆران.. وێنه: 964+
وەزارەتی پەروەردە: 22 هەزار منداڵی دەرەوەی قوتابخانە دەگەڕێنینەوە
964+
هاوبەش ئەبوبەکر
ماوەی سێ رۆژە پرۆژەیەک دەستیپێکردووە بۆ گەڕاندنەوەی ئەو کەسانەی دابڕاون لە خوێندن، وەزارەتی پەروەردە دەڵێت، بە نیازن هەزاران منداڵ لە نەخوێندەواری رزگار بکەن.
ئەمڕۆ چوارشەممە 20.9.2023، بەشدار سەرباز، بەڕێوەبەری پلاندانانی پەروەردەیی لە وەزارەتی پەروەردە بە 964ـی راگەیاند، ئەوان دەیانەوێت 22 هەزار و 320 منداڵی دەرەوەی قوتابخانە بگەڕێننەوە.
هەموو بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی پەروەردە ئەو بڕیارەی وەزارەتی پەروەردەیان بەدەست گەیشتووە و پێیان وتراوە دەبێت هاوکاری ئەو تیمانە بکەن کە وەزارەت دەستنیشانیکردوون بۆ جێبەجێکردن پرۆژەکە.
پرۆژەکە لە رێکەوتی 17.9.2023 دەستیپێکردووە و ماوەی 45 رۆژ بەردەوامدەبێت.
بە پێی ئامارەکانی وەزارەتی پەروەردە، لە ماوەی چوار ساڵدا، حکومەتی هەرێم نزیکەی 20 هەزار منداڵی کارکەر و سەر شەقامەکانی گەڕاندووەتەوە بۆ خوێندن.