کارکردن تێیدا وەستاوە
وا بڕوات رێگاکەی بالیسان بە مراز ناگات
964+
ئاکام غەفور – بالیسان
کارکردن لە رێگای بالیسان وەستاوە و کۆمپانیای جێبەجێکار ناحیەکەی ئاگادار کردووەتەوە، بەهۆی ئەوەی پارەیان پێنادرێت کارەکانیان راگرتووە.
رێگاکە 23 کیلۆمەترە و یەکێکە لە رێگا بازرگانییەکان و ئیدارەکانی سۆران و راپەڕین بەیەکەوە دەبەستێتەوە.
بڕیار بوو رێگاکە پێش هاتنی وەرزی بارانبارین و زستان تەواو بکرێت.
مەهدی مستەفا، بەڕێوەبەری ناحیەی بالیسان بە 964ـی وت، “کارکردن لە رێگای بالیسان وەستاوە، کۆمپانیا ئامادە نییە لەسەر گیرفانی خۆی رێگاکە تەواو بکات حکومەتیش پارەی پێنادات، کۆمپانیا چەکی پارەکەی وەرگرتووە بەڵام لە بانک دەڵێن پارەیان لەبەردەست نییە”.
وتیشی، “ئەگەر پارەی بۆ تەرخان نەکرێت رێگاکە ئەمساڵیش تەواو ناکرێت و زستان بەو شێوەیە دەمێنێتەوە”.
لە کۆتایی ساڵی 2022 دەستکرا بە چاککردنی رێگەکە، بەڵام لەو کاتەوە تا ئێستا دوو جار کارکردنی تێدا وەستاوە، کۆتا جاریش کە کارکردن لە پرۆژەکەدا وەستا، رۆژی 19.9.2023 بوو.
پێداچوونەوە: پێشەوا محەمەد