وەزیری دارایی: پشکی هەرێم ئێستا لە %5 تێپەڕ ناکات
964+
فەهمی نەبی
وەزیری دارایی حکومەتی هەرێم رایگەیاندووە، پشکی هەرێم ئەوەندە کەمکراوەتەوە لە %5 تێپەڕ ناکات.
ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابوری حکومەتی هەرێم ئەمڕۆ یەکشەممە ئەم قسانەی لەگەڵ کونسوڵی ئەمریکا لە هەرێم کردووە.
بەوتەی وەزیری دارایی هەرێم حکومەتی عێراق بەدوو پێوانە مامەڵە لەگەڵ هەرێم دەکات، بەجۆرێک خەرجی هەرێم لەگەڵ خەرجی 15 پارێزگاکەی دیکەی عێراق هەژمار ناکات، هاوکات لە یاسای بودجە ئاماژە بە یاسای ئیدارەدانی دارایی کراوە و کە دەبێت %50ی داهاتەکەی بۆ هەرێم بێت، بەڵام بەغدا داوای %100ی داهات دەکات.
وەزیری دارایی هەرێم دەڵێت، بەپێی ئینفاقی فیعلی بودجەی هەرێم کەمکراوەتەوە بۆ ئەو رێژەیە، (ئینفاقی فیعلی) ئەو دوو وشەیەی لە یاسای بودجە پشکی هەرێم دەبەستێتەوە بە خەرجیە فیعلیەکانی پارێزگاکانی دیکەوە.
قسەکانی وەزیری دارایی لە کاتێکدایە، ئەمڕۆ ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی عێراق بڕیاریدا بۆماوەی سێ مانگ بڕی 700 ملیار دینار بۆ هەر مانگێکی 9 و 10 و 11 بنێرێت، ئەو بڕە پارەیە قەرزە و لەلایەن سێ بانکی رەشید و رافیدەین و TBI دابیندەکرێت.