به‌ره‌و هه‌ڵبژاردن ده‌چن…لە باكووری كوردستان و توركیا چی دەگوزەرێت؟

+964

كوردستان ئەحمەد – هەولێر

دۆخی كورد لە توركیا تا دێت ئاڵۆزتر دەبێت و ئەندامانی باڵای هەدەپە دەڵێن، ”ئەوەی لە توركیا روو دەدات بڕیاری تاكڕەوی ئەردۆغانە و گرفتەكە هەموو توركیای گرتوەتەوە”.

رۆژی  ١٤ی كانونی یەكەمی ٢٠٢٢ دادگای باڵای توركیا، بڕیاری دا بە زیندانیكردنی ئەكرەم ئیمامئۆغڵو گەورە سەرۆكی شارەوانی ئیسته‌نبۆڵ بۆ ماوەی دوو ساڵ و حەوت مانگ، ئەمەش كاردانەوەی نێوخۆیی و نێودەوڵەتی لێكەوتەوە.

 كوردەكان دەڵێن، “ئەم بڕیارە كودەتایە”، ئەمریكاش رایگه‌یاند “بڕیارێكی ناڕەوایە”.

حەسەن ئۆزگەنوش ئەندامی پەرلەمانی توركیا لەسەر فراكسیۆنی هەدەپە، بە 964+ی وت، ئەوەی ئێستا لە توركیا دەگوزەرێت دۆخێكی زۆر خراپە و كاریگەری زۆر خراپی كردووه‌تە سەر ژیانی سیاسی و كۆمەڵایەتی بۆ هەموو توركیا و بە تایبەتی بۆ كورد، “بڕیاری دەستگیركردنی ئەكرەم ئیمامئۆغڵو بڕیارێكی هەڵەیە و بۆ ئەوەیە ئه‌و بەشداری لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی كۆماری توركیا نەكات، چونكە ئۆغڵو چۆن هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی شارەوانی ئیستەنبوڵی لە ئەردۆغان بردەوە بەهەمان شێوە سەرۆكایەتی كۆماریشی لێ ده‌باته‌وه‌”.

ئه‌و ئه‌ندامه‌ی هەدەپە هه‌روه‌ها وتی، “دۆخی كورد لە باكوری كوردستان زۆر زۆر خراپە، ئەگەر ئەمجارە ئەردۆغان ببێتەوە بە سەرۆك كۆمار، ئەوا دۆخەكە ئاڵۆزتر دەبێت و ئەگەری هەیە گرفتەكان هەر چارەسەر نەبن، هەموو هێزەكانی توركیا گرفتی گەورەیان دێتە بەردەم و ناتوانن بەمافەكانی خۆیان بگەن.

گفتوگۆ لەگەڵ حەسەن ئۆزگەنوش- ئەندامی پەرلەمانی توركیا

حیكمەت محەمەد، ئەندامی نوێنەرایەتی هه‌ده‌په‌ لە هەرێمی كوردستان بە 964+ی وت، “ئەردۆغان لەوە دەترسێت ئەم جارە نەتوانێت پۆستی سەرۆكایەتی كۆماری توركیا بباتەوە، لەبەر ئەوە رووبەڕووی هەموو ئاڵنگاریەكان و ركابەره‌كانی دەبێتەوە، بۆئەوەی رێگە خۆش بكات لە توركیا وەك كەسی یەكەم بمێنێتەوە و ببێتەوە بە سەرۆك.

حیكمەت محەمەد، ئەندامی نوێنەرایەتی هه‌ده‌په‌ لە هەرێمی كوردستان

به‌ پێی زانیارییه‌كانی 964+، سێزدە هەزار ئەندام و لایەنگری هەدەپە لە باكووری كوردستان لە زینداندان، زیاتر لە پازده‌ سەركردەی گەورەی هەدەپە گیراون، ئەوە تەنیا لەبەر ئەوەی كوردن.

لە دواین لێدوانیدا سەلاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆكی پێشووی هەدەپە، كه‌ ئێستا له‌ زیندانه‌، دەڵێت، “ئەوەی بەسەر ئەكرەم ئیمامئۆغڵودا دەگوزرەێت، هەمان ئەو دۆخەیە بەسەر كوردا دەگوزەرێت و ئەوە كودەتایەكی گەورەیە بۆ رووبەڕووبوونەوەی دیموكراسی بە شێوازێكی یاسایی”.

ئەحمەد داود ئۆغڵو، كە یەكێكە لە دامەزرێنەرەكانی پارتی داد و گەشه‌پێدان كە ئێستا رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكایەتی دەكات و ئه‌و جیابووە و حزبێكی نوێی دامه‌زراند، لە بارەی دەستگیركردنی ئەكرەم ئیمامئۆغڵووە دەڵێت، “ئەمە دیموكراسی لە وڵاتەكەماندا بەرەو نەهامەتی دەبات”.

بڕیاری دەستگیركردنی ئەكرەم ئیمامئۆغڵو، تەنیا لە ناوخۆی توركیا كاردانەوەی لێنەكەوتووەتەوە

بڕیاری دەستگیركردنی ئەكرەم ئیمامئۆغڵو، تەنیا لە ناوخۆی توركیا كاردانەوەی لێنەكەوتووەتەوە، بەڵكو لەسەر ئاستی جیهانیش كاردانەوەی هەبووە.

رۆژی پێنجشەممەی رابردوو ١٥ی كانونی یەكەمی ٢٠٢٢ وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا راگەیه‌ندراوێکی لە بارەی سزادانی ئەکرەم ئیمامئۆغڵو لەلایەن دادگەی تورکیاوە بڵاوکردەوە و دەڵێت، “تاوانبارکردنی ئیمامئۆغڵو لەگەڵ رێز بۆ مافەکانی مرۆڤ و ئازادییە سەرەتاییەکان و جێبەجێکردنی یاسادا یەک ناگرێتەوە”.

ئه‌كره‌م ئیمامئۆغلو به‌ تۆمه‌تی سووكایه‌تیكردن به‌ ده‌سته‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كانی توركیا، سزای دوو ساڵ و حه‌وت مانگ زیندانیكردنی بۆ ده‌رچووه‌، به‌ڵام هێشتا ده‌ستگیر نه‌كراوه‌.

خولی پێنج ساڵەی سەرۆکایه‌تی کۆمار له‌ لایه‌ن ئەردۆغانه‌وه‌، لە مانگی شەشی  ٢٠٢٣ کۆتایی دێت و هەریەكە لە ئەحمەد داودئۆغڵو و ئەكره‌م ئیمامئۆغڵۆ ركابەری سەرسەختی ئەردۆغانن بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار.