باڵەخانەی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا. وێنە:سۆشیال میدیا.
وەزارەتی گەنجینیەی ئەمریکا سزای بەسەر ئاژانسێک و دوو کەناڵی ئێرانی سەپاند
964+
فەهمی نەبی
لەگەڵ نزیکبوونەوەی ساڵیادی گیانلەدەستدانی “ژینا ئەمینی” وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا سزای بەسەر ئاژانسی تەسنیم و هەریەکە لە کەناڵەکانی فارس و Press TV سەپاند، هاوکات 13 کەسیش سزایان بەسەردا سەپێنردراوە.
ئەمڕۆ هەینی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا لەرێگەی نوسینگەی کۆنتڕۆڵکردنی سەروەت و سامانی دەرەکی ئەو سزایانەی سەپاندووە.
وەزارەتی خەزێنەی ئەمریکا دەڵێت، ئەو کەناڵانە وەک زمانحاڵی سوپای پاسداران بوونە و بەڕێوەبەری ئەو کەناڵانە رۆڵیان هەبووە لە برەودان بە سەرکوتکردنی خۆپیشاندانەکان.
برایان نێڵسن جێگری وەزیری گەنجینەی ئەمریکا دەڵێت، ئەو سزایە بەهاوبەشی لەگەڵ بەریتانیا، ئوستورالیا و کەنەدایە، لەبەرامبەر ئەو هەموو پێشێلکاریانەی بەرامبەر هاوڵاتیانی ئێرانی دەکرێت.
بەپێی بڕیارە نوێیەکەی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا سزای سنووردارکردنی فیزا بەسەر 13 کەس سەپێندراوە کە دەستیان هەبووە لە کوژاندنەوەی ئینتەرنێت لەسەروەختی خۆپیشاندانەکانی ئێران لەساڵی 2022.
ژینا ئەمینی کچێکی 22 ساڵەی شاری سەقزی رۆژهەڵاتی کوردستان بوو، لە ناوەڕاستی ئەیلوولی 2022 لەگەڵ خێزانەکەی سەردانی تارانی پایتەختی ئێرانی کردبوو، لەوێ “پۆلیسی رەوشت” بە تۆمەتی نەپۆشینی جلوبەرگی گونجاو دەستگیریان کرد و دواتر گیانی لەدەستدا.