ئاوی زێرابەکانی هەولێر بۆ ئاودانی پارکەکان پاکدەکرێنەوە

هاوبەش ئەبوبەکر

لە هەولێر ئەو ئاوەی كە لە ماڵان بەفیڕۆدەچێت جارێكی دیكە خاوێن دەكرێتەوە و بەكار دەهێندرێتەوە بۆ ئاودانی پارك و باخچەكان.

پرۆژەکە 300 ملیۆن دۆلاری تێدەچێت و بڕیارە لەلایەن ئاژانسی جایکای یابانی جێبەجێبکرێت و بۆ ئەو مەبەستە ئەمڕۆ شاندێکی ئاژانسەکە و ژمارەیەک بەرپرسی یابانی سەردانی هەولێریان کرد.

جگە لەوەی کە ئاوی قورس ریسایکلینی بۆ دەکرێت، گرفتی ئاوەڕۆکانیش چارەسەردەکرێت و زێرابەکان بەشێوەیەکی “سەردەمیانە” دروستدەکرێن.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 14.9.2023، پارێزگای هەولێر رایگەیاند، قۆناغی یەکەمی پرۆژەکە بە درێژی 75 کیلۆمەتر جێبەجێدەکرێت.

لە هەولێر جگە لە بیرەکان، سێ ئیفراز ئاو بۆ شارەکە دابین دەکەن؛ ئیفرازی سێ لە 24 کاتژمێردا 187 هەزار مەتر سێجا ئاوی خاوێن بەرهەم دەهێنێت، ئیفرازی دوو 60 هەزار مەتر سێجا و ئیفرازی یەکیش 28 هەزار مەتر سێجا ئاو.