نەورۆزی داهاتوو لێبوردنی گشتی دەردەکرێت

 964+

توانا نەقی – هەولێر

لەگەڵ ئەوەی هەوڵەکان بۆ ئەوەبوو لەم ساڵدا لێخۆشبوونی گشتی دەربچێت، بەڵام بەهۆی تەواو نەبوونی یاسایەکەی لە پەرلەمانەوە دەکەوێتە ساڵی داهاتوو.

لەیلا عەبدول جەبار، ئەندامی لیژنەی مافی مرۆڤ لە پەرلەمانی کوردستان بە 964+ی وت؛ ئەو پرۆژە یاسایە لیژنەی مافی مرۆڤ پێشنیازی کردووە، یاساکە پێشتر هەبووە ئێستا دەبێت هەموار بکرێتەوە.

وتیشی “دەبێت کۆبوونەوەیەک بکرێت لە نێوان هەریەک لە وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتی، سەرۆکایەتی هەرێم، سەرۆکایەتی حکومەت، ئەنجومەنی دادوەری و لیژنەی مافی مرۆڤی پەرلەمانی کوردستان، لەو کۆبونەوەیەدا میکانیزمی ئازادبونی زیندانییەکان دیاری دەکرێت”.

وەزیری کارو کاروباری کۆمەڵایەتی بە میدیای حزبەکەی راگەیاندووە؛ ساڵی داهاتوو لێبوردنی گشتی دەردەکرێت بۆ زیندانیان، پاش ناردنی یاساکە بۆ پەرلەمان دیاری دەکرێت کێ دەگرێتەوە.

سەبارەت بە کاتی دەرچونی لێبوردنی گشتی لەیلا عەبدول جەبار، وتی؛ “بە بڕوای ئێمە تاوەکوو نەورۆزی ٢٠٢٣ دەبێت رێکارەکان تەواوبن و لێبوردنە گشتییەکە دەربچێت.

رەوشی ئێستای چاکسازیەکانی کوردستان باش نین، لە رووی باڵەخانە و هەندێک هۆڵ دەبێت ٩٠٠ کەسی تێدا بێت بەڵام لە چاکسازییەکاندا دوو هەزار کەسی تێدەکەن، هەروەها نەبوونی توێژەری دەروونی کاریگەری خراپی کردووەتە سەر هەم چاکسازییەکان هەم شێڵتەرەکان، لەیلا عەبدول جەبار وادەڵێت.