قوشته‌په ده‌كرێته قه‌زاى و نازناوی ده‌شتى هه‌ولێریش لە بنەسڵاوە دەسەندرێتەوە
+964
فه‌رهاد حه‌سه‌ن – هه‌ولێر
سبه‌ى ١٩ ی كانوونى یه‌كه‌م، ئه‌نجومه‌نی پارێزگای هه‌ولێر گۆڕینی ناوی چه‌ند قەزاو ناحیه‌كی تازه له‌سنوورى ئه‌و پارێزگایه تاوتوێده‌كات و سه‌رله‌نوێش سنوری کارگێری قەزاکان بە پێی دوور و نزیکی داده‌ڕێژێته‌وه.
له راگه‌یه‌ندراوێكدا ئه‌نجومه‌نی پارێزگای هه‌ولێر، ئاماژه‌ی به‌وه كردووه کە سبه‌ی دووشه‌ممه ١٩ـی کانونی یەکەم، كۆده‌بێته‌وه به‌مه‌به‌ستی تاوتوێكردنی گۆڕینی ناوی قەزای دەشتی ھەولێر بۆ قەزای بنەسڵاوە، سەر لەنوێ ھێنانە کایەی قەزایەکی دیكه بە ناوی قەزای دەشتی ھەولێر بە سنوری جوگرافی جیاواز کە سەنتەرەکەی قوشتەپە دەبێت.
هه‌ر به‌پێی ئه‌و راگه‌یه‌نراوه، ھێنانە کایەی ناحیەی بێستانە کە سەنتەرەکەی ناحیەی بێستانەی گەورە دەبێت، ھەروەھا لکاندنی ناحیەی شەمامک بە قەزای دەشتی ھەولێر.
پێشتر لێژنەی ناوخۆى ئه‌نجومه‌ن یاداشتێكی سەبارەت بە نوسراوی پارێزگای ھەولێر ژمارە ١٢٣٦ لە ١٥/٩/٢٠٢٢ پێشكه‌ش به ئه‌نجومه‌ن كردبوو، به‌مه‌به‌ستى تاوتوێکردنی ئه‌و بابه‌تانه.
بنەسڵاوە، ده‌كرێته یەکێکە لە قەزاکانی سه‌ر به ھەولێر، دەکەوێتە باکوری خۆرھەڵاتی ئه‌و شاره‌و ڕێژەی دانیشتوانه‌كه‌ی لە ساڵی ٢٠١٠دا گەیشتووە بە ٢١٧٬٣٨٠ کەس، زۆرینەی دانیشتوانی قەزاکەش بە رەچەڵەک خەڵکی شاری کەرکوکن.
قوشتەپە كه ده‌كرێته ناوه‌ندى قه‌زاى ده‌شتى هه‌ولێر، دەکەوێتە باشوری ئه‌و شاره‌و لە رۆژهەڵاتەوە بە زنجیرە چیای دیدەوان و لە روژئاواشهوە بە زنجیرەى زورگەزراو دهورهدراوە، و لە باشووریشەوە سنووری لەگەڵ سنوروی شارەدێی پردێ یە و ژمارەی گشتی دانیشتوانی قوشەپە ٢٦ هەزارو ٣١٥ کەسە.