“بێوه‌ژنه‌ ره‌شەكه‌” له‌ میدیاكانى ئێران هه‌راى ناوه‌ته‌وه‌

964+

بەهرە محەمەدئەمین

ژنێکی ئێرانی لە ماوه‌ى 10 ساڵدا 13 جار هاوسەرگیری مسیاری ئەنجامداوە، به‌ڵام چونكه‌ حەوت لە هاوسەرەکانی کوشتووە، چەن رۆژێکە میدیای ئێرانی سەرقاڵ کردوە و به‌ بێوه‌ژنى ره‌ش ناوى دەبەن.

ژنەکە ناوی کەلسومە، ته‌مه‌ن 56 ساڵە و لە شاری مازەندەرانی باکوری ئێران ده‌ژی، بە مەرجی وەرگرتنی مارەیی زۆر لەگەڵ پیاوانی بەساڵاچووی دەوڵەمەند بە شێوەی مسیار هاوسەرگیری کردووە.

لە دوایین هاوسەرگیریدا مارەیی ژنەکە 500 ملیۆن تمەن بووە، گشت مارەییەکانیشی بە شێوەی موڵک و زەوی وەریگرتوون کردووە بە ناوی کچەکەیەوە.

فەرماندەی پۆلیسی شاری مازەندەران هەواڵی ده‌ستگیركردنى كه‌لسومى راگەیاندوە و وتویەتی بابەتەکە لەرێی سکاڵای خێزانێکی دانیشتووی مەحمود ئابادی مازەندەرانەوە ئاشکرا بووە کاتێک گومانیان لە مردنی باوکە 82 ساڵانەکەیان کردووە و پەڕاوی لێکۆڵینە وە بۆ بابەتەکە کراوەتەوە.

پۆلیس هاوسەری کوژارەوەکەی وەک گومانلێکراو خستووەتە ژێر لێپرسینەوە، لە لێکۆڵینەوەکاندا ژنەکە دانی بە کوشتنی هاوسەرەکەیدا ناوە و وتویەتی بە تواندنەوەی ژمارەیەکی زۆر حەبی زەخت لەناو پەرداخه‌ ئاوێكدا هاوسەرەکەی لە هۆشبردووە و لە کۆتاییدا خنکاندوویه‌تى.

فەرماندەی پۆلیس وتویەتی ئەم ژنە هاوسەرگیری لەگەڵ کەسانی تەمەن 75 تا 80 ساڵ بەسەرەوە کردووە و تا کەس گومان لە تاوانەکەی نەکات، ده‌شڵێت “تا ئێستا دانی بە کوشتنی حەوتیاندا ناوە”.

دوو ساڵ لەمەوبەریش بە سکاڵای خانەوادەی یەکێک لە هاوسەرەکانی بە تۆمەتی کوشتن دەسگیرکراوە، بەڵام ئه‌وكات تۆمەتەکە ساغنەکراوەتەوە و ئازاد کرابوو.

کەلسوم وتویەتی، لەم رێگەیەوە پارەیەکی زۆری بەدەست هێناوە بەلام دەڵێت خۆزگە تەماحبازیم نەکردایە.

پۆلیس رایگەیاندووە لێکۆڵینەوە بەردەوامە و ئەگەری هەیە ژمارەی سکاڵاکان زیاتر ببێت.